سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و لیبیا کۆچی نایاساییان بۆ ئەورووپا تاوتوێ کرد

01-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا و عەبدولحەمید دبەیبە، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانیی لیبیا لە چوارچێوەی (لووتکەی هاریکاریی تورکیا - ئیتاڵیا - لیبیا) لە ئیستەنبووڵ کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی 1ی ئابی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ جۆرجیا میلۆنی و عەبدولحەمید دبەیبە لە کۆشکی دۆڵمە باهچە سەرای کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا پرسەکانی هاریکاریی نێوان تورکیا، ئیتاڵیا و لیبیا و بابەتە هەرێمییەکان تاوتوێ کران.
 
وەکو سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا دەڵێ، ئەردۆغان سەرنجی خستەسەر گرنگیی هاریکاریی نێوان سێ وڵاتەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی گرێدراوی دەریای نێوەڕاستن، بەتایبەتی کۆچی نایاسایی.
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بنبڕکردنی کۆچی نایاسایی پێویستی بە چارەسەری درێژخایەن و بەردەوامە و لەم چوارچێوەیەشدا پێویستە هاوئاهەنگیی فرەلایەنە هەبێت.
 
لە لووتکەکەدا بڕیاردرا کە دوای کۆبوونەوەی لیژنەکانی هاریکاری، سەرکردەکان جارێکی دیکە کۆببنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بڕیارە دەرکراوەکان.
 
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دۆخی غەززە.
 
سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان سەرنجی خستەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل و خراپیی دۆخی مرۆیی لە غەززە، جەختی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکی گەورەی لەسەر شانە بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی بەپەلە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە ناوچەکە.
 
ئەردۆغان دووپاتیکردەوە کە چارەسەری هەمیشەیی تەنیا بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و سەربەخۆی فەڵەستین دەبێت لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1967 و پایتەختەکەی رۆژهەڵاتی قودس- ئورشەلیم بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە