ئاگری دارستانەکانی پارێزگای تەکیرداغی تورکیا هەڵگیرسایەوە

01-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر دارستانێکی پارێزگای تەکیرداغی تورکیا دوای کۆنترۆڵکردنی هەڵگیرسایەوە. لە پارێزگای ئاداناش سێ کەس بە تۆمەتی خستنەوەی ئاگر دەستگیر کران. حکومەتی تورکیا دەڵێت، گەیشتن بە شوێنی ئاگرەکان بە شێوەیەکی زۆر کەم بووەتەوە.
 
نیوەڕۆی رۆژی هەینی 01-08-2025 ئاگر لە دارستانی سنووری شارۆچکەی شارکۆی سەر بە پارێزگای تەکیرداغ هەڵگیرسایەوە، دوای ئەوەی دامرکێندرابوو. ئاگرەکە زوو تەشەنەی سەند و بەرەو گوندی ئوچماکدەرە رۆیشت.
 
ئاگرەکە بەیانیی هەینی کەوتبووەوە و بە هەوڵی تیمەکان کۆنترۆڵکرابوو، بەڵام دوای نیوەڕۆ بەهۆی کاریگەریی باوە هەڵگیرسایەوە. دوای ئەوەی ئاگرەکە بەرەو گوندی ئوچماکدەرە رۆیشت، دانیشتووانی ناوچەکە بەشدارییان لە هەوڵەکانی کوژاندنەوەکەدا کرد.
 
لە ئادانای تورکیاش سێ کەس بە تۆمەتی هەبوونی رۆڵ لە کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی پارێزگاکە دەستبەسەرکران.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا بڵاویکردوەتەوە، ماوەیەکە سوودێکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەم بوارەدا وەردەگیرێ.
 
لە دوایین نموونەدا ساتەوەختی دەستپێکردنی ئاگرێکی دارستان لە شارۆچکەی ساریچامی ئادانا لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "بایرەکتار TB2"ـەوە تۆمارکرا. لە رێگەی ئەو فڕۆکەیەوە ئۆتۆمبێلێک تێبینی کرا کە کاژێر 21:00ی رۆژی 25ی تەممووز ناوچەکەی جێهێشتووە.
 
تیمەکانی جەندرمە ئۆتۆمبێلەکەیان راگرت و پرسیاریان لە سەرنشینەکان کرد و لە ئەنجامدا سێ کەس دەستبەسەرکران و دواتر لەلایەن دادگاوە بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرچوو.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژی 28ـی تەممووز دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، لە ئاگاداربوون لە کەوتنەوەی ئاگر و کوژاندنەوەیدا زۆر سوود لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان وەردەگرن. 
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، کاتی دەستنیشانکردنی ئاگر بۆ دوو خولەک کەمبووەتەوە و گوتی: "بەهۆی ئەم تەکنەلۆژیایانەوە، توانیمان کاتی یەکەم دەستوەردان لە 40-45 خولەکەوە بۆ 10-11 خولەک کەمبکەینەوە."
 
رۆژی 6ـی تەممووزی 2025، سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 181 ئاگرکەوتنەوە روویانداوە. هەزار و 351یان لە دارستانەکان و هەزار و 830یشیان لە پوش و پاوان بوون.
 
باس لەوەش کراوە کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان، 27 فڕۆکە، 105 هێلیکۆپتەر، 6 هەزار ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و تانکەری گەورەی ئاو و 25 هەزار کارمەند بەشدارییان کردووە. لە کۆی نزیکەی 3 هەزار ئاگر، 761یان لە 26ی حوزەیرانەوە بوون.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار سێ هەزار و 800 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە و لە ئەنجامدا 27 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە