رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای پێگاسووس-ی تورکی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ سێ وڵاتی دراوسێ هەڵپەسارد.
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی پێگاسووس بڵاویکردەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق، ئێران و ئوردن بۆ کاتێکی نادیار هەڵپەسارد.
کۆمپانیای پێگاسووس هۆکاری هەڵپەساردنی گەشتە ئاسمانییەکانی، بۆ هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گەڕاندەوە و رایگەیاند، لەپێناو سەلامەتیی سەرنشینەکانی، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ عێراق، ئێران و ئوردن هەڵپەساردووە.
کۆمپانییە تورکییەکە کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی دیاری نەکردووە و رایگەیاندووە، "هەر کاتێک دۆخەکە هێور بووەوە، دەست بە گەشتەکانمان دەکەینەوە."
هەمان کۆمپانیا لە 24ی ئەیلوولەوە سەرجەم گەشتەکانی بۆ لوبنان هەڵوەشاندووەتەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ئێوارەی ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 7:30 سوپای پاسداران بە مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، نزیکەی 180 مووشەک ئاراستە کراون و زۆربەیان بە هاوبەشی سوپاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دیکەیان خراونەتە خوارەوە.
سوپای پاسدارانیش ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی هێرشە مووشەکییەکە سێ بنکەی سەربازیی ئیسرائیل بوون نزیک لە تەلئەڤیڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ