رووداو دیجیتاڵ
لە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی جان هۆڵدینگ پێشهاتێکی سەرنجڕاکێش روویدا. لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، سندووقی بیمەی سپاردەکان وەکو قەیووم بۆ 18 کۆمپانیا دانرا لە نێویاندا یانەی وەرزشیی (قاسم پاشا) کە لە خولی نایابی تورکیا یاری دەکات و لەلایەن بازرگان تورگای جینەر، خاوەندارێتی دەکرێت کە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
لە دۆسیەی "جان هۆڵدینگ" کە لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماریی ئەستەنبووڵەوە بەڕێوەدەچێت، بەهۆی بوونی "گومانی بەهێز لەسەر سپیکردنەوەی ئەو داهاتانەی کە لە رێگەی تاوانەوە بەدەستهاتوون"، سندووقی بیمەی سپاردەکان قەیووم بۆ 18 کۆمپانیا دانرا کە سەر بە جان هۆڵدینگ و جینەر گرووپن و یانەی وەرزشیی قاسم پاشاشی تێدایە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا ئاشکرا بووە کە پەیوەندیی دارایی و بازرگانی لەنێوان کۆمپانیای جان هۆڵدینگ و کۆمپانیای پارکن هۆڵدینگدا هەیە کە لە چوارچێوەی جینەر گرووپدا کار دەکات.
باس لەوەش کراوە کە "گومانی بەهێز" هەیە لە رێگەی ئەو پەیوەندییەوە، ئەو مامەڵە و چالاکییانەی ئەنجامدراون خزمەتیان بە سپیکردنەوەی داهاتە بەدەستهاتووەکان لە رێگەی تاوانەوە کردووە. هەروەها دەرکەوتووە کە جگە لەو کۆمپانیایانەی پێشتر دەستیان بەسەردا گیرابوو و قەیوومیان بۆ دانرابوو، چەندین کۆمپانیای دیکەش لە چوارچێوەی هەردوو گرووپدا بە شێوەیەکی چالاک کارەکانیان بەردەوامە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، دەرکەوتووە کە گومانی بەهێز هەیە لەسەر ئەوەی گومانلێکراوان لە رێگەی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ژێر چەتری جان هۆڵدینگ و پارکن هۆڵدینگی سەر بە جینەر گرووپدان، لە چوارچێوەی چالاکیی رێکخراوەییدا کاریان کردووە و داهاتی بەدەستهاتوو لە تاوانیان سپیکردووەتەوە. لەسەر ئەمە، دادگەی پێنجەمی سزای سوڵحی ئیستەنبووڵ بڕیاریدا سندووقی بیمەی سپاردەکان وەکو قەییوم بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کۆمپانیایانە دابنێت.
رۆژی یەکشەممە 28ـی ئەیلولی 2025 کەمال جان، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی جان هۆڵدینگ کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا دەستبەسەرکرا، بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە. هەروەها بڕیاری دەستبەسەرکردن بەمەبەستی دەستگیرکردن بۆ تورگای جینەر سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی جینەر هۆڵدینگ دەرچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ