رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جەهەپە لەبارەی بایکۆتکردنی یەکەم دانیشتنی وەرزی نوێی پەرلەمان بەهۆی هاتنی ئەردۆغان بۆ کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کەس چاوەڕێی ئەوەمان لێنەکات شەرعیەت بە کەسێک بدەین، کە بۆ شەرعیەت پەنا بۆ ترەمپ دەبات."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزری نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا دەستیپێکردەوە، بەڵام جەهەپە بەهۆی بەهۆی هاتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پێشکێشکردنی گوتارێک بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کرد.
ئۆزگور ئۆزەل لەبارەی بایکۆتکردنی دانیشتنەکە گوتی: "ئەمڕۆ 1ـی ئۆکتۆبەرە، دەبێت جەهەپە چی بکات؟ ئایا جەهەپە بڕوات و لەبەر پۆستەکەی، رێز لە ئەردۆغان بگرێت؟ چی کردووە کە شایەنی ئەوە بێت نە بە دانیشتن و نە بە وەستانەوە پێشوازیی لێبکەین؟ هەموو شتێکی کردووە بۆ ئەوەی چیدی ئەرکەکەی بە شەرعی نەزانین. ئەگەر وەک سەرۆککۆمار بهاتایە و گوتارەکەی پێشکێش بکردایە و بۆ ماوەی ساڵێک ئەرکەکانی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ بکردایە، دیسان گوێمان لێدەگرت. کەس چاوەڕێی ئەوەمان لێنەکات شەرعیەت بە کەسێک بدەین کە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەت پەنا بۆ ترەمپ دەبات."
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان، داوای لە جەهەپە کردبوو لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە و بەشداری دانیشتنەکە بکات.
ئۆزەل لەو بارەیەوە گوتی: "رێز لەو هەڵسەنگاندنانەی بەڕێز بولەنت ئارنچ دەگرم، کە وەک سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان خستوویەتیەڕوو. من هەموو پرۆسەکەم بۆ ئەویش روونکردەوە. ئەگەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رادەکات، با رابکات، بەڕێز ئەردۆغان تۆ رزگارت دەبێت. ترسی تۆ ئەوەیە ئیمامئۆغڵو لێرە بمێنێتەوە و شکستت پێبهێنێت. ئەگەر لێی ناترسن، با بەبێ ئەوەی گیرابێت دادگایی بکرێت. رووبەڕووی دەسەڵاتێک بووینەتەوە کە زۆر لە ئیمامئۆغڵو و جەهەپە دەترسێت. دۆخی هاوپەیمانیی جمهور دیارە."
ئۆزەل باسی لەوەشکرد، ئەردۆغان دەیگوت "حەماس رێکخراوێکی رزگاریخوازە"، بەڵام لەو پلانەی پشتگیریی دەکات، داوای خۆبەدەستەوەدانی حەماس دەکرێت. کەواتە ئایا تۆ هیواکانی رزگاریی فەلەستینت رادەستی ترەمپ کرد؟
سەرۆکی جەهەپە باسی کێشەکانی رابردووی حیزبەکەی کرد و گوتی: "ئەو یەکگرتنە گەورەیەی لە کۆنگرەی رابردووی لقی ئیستەنبووڵ دروستمانکرد، بووە هۆی پاککردنەوەی دادوەریی ئاکپارتی لە کۆنگرەی جەهەپە. ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقەکەمان، بڕوانامەی دەستبەکاربوونیشی وەرگرت. هەوڵەکان بۆ راگرتنی ئەم پرۆسەیە شکستی هێنا و کۆنگرە ئاساییەکان تەواو بوون. کۆنگرەی لقەکانمان تەواو بووە و لە ماوەی چەند هەفتەیەکی دیکەدا کۆنگرەی لقی ئیستەنبووڵیش دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ