گرتنی پێشوەختەی هۆتێلەکانی ئەنتاڵیا بۆ سەری ساڵ دەستیپێکرد

01-12-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستپێکردنی گرتنی پێشوەختەی هۆتێلەکانی ئەنتاڵیا بۆ سەری ساڵی نوێ راگەیێندرا و بەرپرسێکی کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکە پێشبینی دەکات، ئەو هۆتێلانەی لە وەرزی زستاندا کراوەن، بۆ سەری ساڵ پڕبن لە گەشتیار.
 
کائان کاشیف کاڤالئۆغڵو، سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و گەشتوگوزاری دەریای سپی لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیا رایگەیاند، گرتنی پێشوەختەی هۆتێلەکان لە پارێزگاکە لەلایەن گەشتیارە بیانییەکان بۆ سەری ساڵ دەستیپێکردووە و پێشبینی دەکەن ئەو هۆتێلانەی لە وەرزی زستاندا کراوەن، بۆ سەری ساڵ بە تەواوی پڕبن.
 
کائان کاشف کاڤالئۆغڵو دەڵێت، ئەم ساڵ 17 ملیۆن کەس سەردانی پارێزگاکەیان کردووە و رایگەیاند: "ئەگەر جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بەردەوام بێ، دەکرێ ژمارەکە هەر بەم جۆرە بمێنێتەوە".
 
کاڤالئۆغڵو راشیگەیاند: "بە رەچاوکردنی ئەو داواکارییانەی بۆ گرتنی پێشوەختەی ژووری هۆتێلەکان پێشکێش کراون، هەموو ئەو هۆتێلانەی لە ئەنتاڵیا کراوەن، بۆ سەری ساڵ پڕدەبن. داواکارییەکی زۆر لە گەشتیارە سەرەکییەکانمانەوە هەیە کە بریتین لە رووسیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و پۆڵەندا. بەم دواییە هاووڵاتییانی وڵاتانی باڵقانیش ئانتالیا زۆر هەڵدەبژێرن. بۆیە چاوەڕێی قەرەباڵخییەکی زۆر دەکەین." 
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، پار 17 ملیۆن و 278 هەزار و 103 گەشتیار سەردانی ئەنتاڵیایان کردبوو. گەشتیارانی رووسیا بە 3 ملیۆن و 909 هەزار و 960 گەشتیار لە ریزبەندی یەکەمدا بوون. گەشتیارانی ئەڵمانیا بە 3 ملیۆن و 517 هەزار و 589 گەشتیار لە ریزبەندی دووەم و گەشتیارانی بەریتانیا بە 1 ملیۆن و 574 هەزار گەشتیار لە ریزبەندی سێیەمدا بوون.
 
قورسبوونی پێدانی ڤیزە لەسەر هاووڵاتییانی رووسیا لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە وایکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بۆ گەشت تورکیا هەڵبژێرن.  

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە