رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوو رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بۆ خەڵکی سووریا وەکو لاپەڕەیەکی نوێیە، هیوایشی خواست کێشەی باکووری سووریا بەبێ خوێنڕشتن چارەسەر ببێت.
لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی وەزیرانی وڵاتەکەی، کە ئێوارەی دووشەممە 02-02-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانی کرد.
ئەردۆغان رەخنەی لەو لایەنانە گرت کە تورکیا بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دژایەتیکردنی کورد وەسف دەکەن و گوتی، "لە کاتێکدا تورکیا بە هاوئاهەنگیی نزیک لەگەڵ حکومەتی سووریا هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی دەکات بۆ دامرکاندنەوەی پشێوی، رێگری لە پێکدادان و فەراهەمکردنی رێککەوتن، ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات، بوختانی زۆر ناشرینی وەکو 'دووژمنداریی کورد'یان بۆ وڵاتەکەمان هەڵبەست."
هەروەها لەبارەی رێککەوتنەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گوتی، "چارەسەرکردنی کێشەی باکووری سووریا بەبێ خوێنڕشتن و لەسەر بنەمای یەک سوپا، یەک دەوڵەت و یەک سووریا، زۆر گرنگە."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە رێککەوتنەکانی 18ی کانوونی دووەم و 30ی کانوونی دووەمی نێوان حکومەتی سووریا هەسەدە کرد و گوتی، "ئیدی لاپەڕەیەکی نوی لەبەردەم خەڵکی سووریا هەڵدراوەتەوە. هیوادارین ئەم لاپەڕە نوێیە ئارامی، ئاشتی، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بهێنێت، نەک پێکدادان و پشێوی. هەر کێ هەوڵبدات بۆمب لە ژێر ئەمە دابنێتەوە، خۆی لە ژێری دەمێنێتەوە."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، لەگەڵ ئاشتیە و دژایەتیی ئەوانە دەکات کە لایەنەکان بۆ دروستکردنی شەڕ هاندەدەن. هەروەها گوتی، تورکیا و سووریا وەکو دیجلە و فوڕات بران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ