رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی تورکیا بە کردار دۆخی کورد لەبەرچاو بگرێت و دەروازەی سنووریی مورشیتپنار بۆ گەیاندنی هاوکاری بە رۆژئاوای کوردستان بکاتەوە. هاوکات پشتیوانیی پارتەکەی بۆ رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەربڕی.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی شوباتی 2026 گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکان کرد.
کۆچیغیت تیشکی خستە سەر خۆپێشاندانەکانی 1ی شوبات، کە وەک رۆژی جیهانیی پشتیوانی لە رۆژئاڤای کوردستان دیاریکرابوو، رایگەیاند، ملیۆنان کەس خاوەندارێتییان لە رۆژئاڤا کردووە، بەڵام رووبەڕووی تووندوتیژی بوونە.
کۆچیغیت باسی لەو پێشێلکارییانە کرد کە لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی چەند رۆژی رابردوودا روویانداوە و گوتی، "کارمەندانی راگەیاندن دەستبەسەرکران. لێدان و ئەشکەنجەدان لەکاتی دەستبەسەرکردندا بووەتە سیستماتیک."
بەرپرسەکەی دەم پارتی باسی منداڵێکی 13 ساڵانی کرد، کە دەگوترێت لەلایەن پۆلیسەوە بەرزکراوەتەوە و کێشراوە بە زەویدا؛ گوتی، "دیار کۆچ لەلایەن پۆلیسەوە لێی دراوە و تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە. لە نسێبین، سەرەڕای ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی هەبوو و تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو. پزیشکی نەشتەرگەریی مێشک لەوێ بڕیاری دەرچوونی لە نەخۆشخانە بۆ دا. دواتر رەوانەی ئامەد کرا و رەوانەی زیندان کرا. ئیدارەی زیندان بەهۆی خراپیی باری تەندروستییەوە، دیار کۆچی وەرنەگرت. ئەمجارەیان لە ئامەد خرایە بەشی چاودێریی چڕ و چەند رۆژ لەوێ مایەوە. دواتریش بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی و خراپیی باری تەندروستی، لە ئامەدەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە گوازرایەوە."
'550 کەس دەستبەسەر کراون'
کۆچیغیت ناڕەزایەتی بەرامبەر شەپۆلی دەستبەسەرکردن دەربڕی و گوتی، "لەم پرۆسەیەدا 550 کەس دەستبەسەرکراون و لانیکەم 80 کەسیش گیراون. خەڵک بۆ ئەوە رژاونەتە سەر شەقامەکان تاوەکو کۆمەڵکوژی روونەدات، منداڵ نەمرن و گەمارۆ هەڵبگیرێت. گوتوویانە 'دەست بۆ مافی کورد مەبەن'. باشە کوێی ئەمە تاوانە؟ من لێرەوە لە وەزیری داد دەپرسم، ئەمە چۆن دەبێتە تاوان؟"
بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ رۆژئاوای کوردستان کۆچیغیت داوای کرد دەروازەی سنووریی مورشیتپنار بکرێتەوە و گوتی، "دەروازەی مورشیتپنار بەرەو کۆبانێ دەڕوا. ئەگەر دەروازەکە بکرێتەوە، هاوکارییەکان تەنیا لە نیو کاژێردا دەگەنە کۆبانێ. خەڵکی ئێمە و شارەوانییەکانمان هاوکارییان کۆکردووەتەوە و ئێستا چاوەڕێن. کردنەوەی دەروازەکە کارێکی هێندە قورس نییە. داوا لە حکومەتی ئاکپارتی دەکەین؛ رۆژ رۆژی رەچاوکردنی دۆخی گەلی کورد و جێبەجێکردنی برایەتییە بە کردار."
'پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکەین'
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی دیمەشق، کۆچیغیت گوتی، "دەمانەوێت بڵێین، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم رێککەوتنە دەکەین. بڕوامان وایە ئەمە هەنگاوی سەرەتایە بۆ بونیاتنانی سووریایەکی دیموکرات. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە رێککەوتنەکە بە کردەیی جێبەجێ بکرێت. ئەمە دەتوانێت ببێتە خاڵی دەسپێک بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی دیموکرات کە تێیدا مافی کورد، عەلەوی، دورزی، تورکمان و هەموو ناسنامەکانی دیکە پارێزراو بێت."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی لە وەڵامی پرسیاری میدیا سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "شاندەکەمان هێشتا داوای کاتی چاوپێکەوتنی نەکردووە. رەنگە لەم هەفتەیەدا یان هەفتەی داهاتوو دیدارێک سازبکەین."
یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی کۆچیغیت هەڵوەستەی لەسەر کرد، هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەری بوو کە ئێستا لە قۆناخی ئامادەکردنی راپۆرتە لەلایەن کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەکە.
کۆچغیت داوای لە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد هەنگاو بۆ خێراترکردنی کارەکان بنێت و پرۆسەکە لە خاوبوونەوە بپارێزن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ