رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا رایدەگەیێنێت، لە یەکەم مانگی ئەم ساڵدا بە بەهای 555.3 ملیۆن دۆلار چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازییان هەناردە کردووە، کە بەراورد بە پار 44% زیادیکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی شوباتی 2026، هالوک گۆرگون، سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا (SSB) رایگەیاند، کەرتی پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەوانی کە ساڵی 2025ـی بە ژمارەی پێوانەیی کۆتایی پێهێنابوو، بەهەمان شێوە ساڵی 2026، بە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی نوێ لە هەناردەکردندا دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا تورکیا بە بەهای 555.3 ملیۆن دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی هەناردە کردووە.
هالوک گۆرگون گوتی: "هەناردە بەراورد بە پار، 44.2% بەرزبووەتەوە. ئەم ئاستە بەهێزە، جارێکی دیکە توانای رکابەریی کەرتەکەمان و پەرەسەندنی بەردەوامی لە بازاڕە جیهانییەکاندا سەلماندەوە."
سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیەی گەڕاندەوە بۆ "بەرهەمە تەکنۆلۆژییە پێشکەوتووەکان کە بەهای زیادەیان هەیە و ئەو سیستمانەی لە مەیدانی جەنگدا خۆیان سەلماندووە."
بەگوێرەی ئاماری سەرۆکایەتیی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا، وڵاتەکەی پار بە بەهای 10 ملیار و 56 ملیۆن دۆلار، چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازیی هەناردەی 36 وڵاتی جیهان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ