رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی ئاژانسی پلاندانانی ئیستەنبووڵ 77.2٪ ـی خەڵکی ئیستەنبووڵ پشتیوانی لە پڕۆژەی کەناڵ ئیستەنبووڵ ناکەن.
ئاژانسەکە کە سەر بە گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵە، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیال میدیا ئەنجامی ئەو راپرسییەی بڵاوکردووەتەوە کە لەگەڵ دانیشتووانی شارەکە کردوویەتی.
گرنگترین هۆکارەکانی هەڵوێستی ئەو هاووڵاتییانەی دژایەتی پڕۆژەی کەناڵ ئیستەنبووڵ دەکەن، زیانگەیاندنە بە ژینگە.
53.8٪ ـی بەشداربووانی راپرسییەکە رایانگەیاندووە پڕۆژەکە زیان بە ژینگە دەگەیێنێت، 39.1٪ پێیانوایە مەترسی بوومەلەرزە زیاد دەکات، 31.2٪یش پێیانوایە پڕۆژەکە لە زیاتر پێویستی شارەکە، قازانجی بۆ کەسانێکی دیکە هەیە.
کەناڵی ئیسەنبووڵ پڕۆژەیەکە دەریای ماڕماڕا و رەش پێکەوە دەبەستێتەوە. لە حوزەیرانی 2021 دا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەردی بناخەی دانا.
ئەردۆغان لە 26ـی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا بەشداری لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پردی سازڵیدەرە کرد کە یەکێکە لەو 6 پردەی لەسەر کەناڵ ئیستەنبووڵ دروست دەکرێن، رەخنەی لەو لایەنانە گرت، کە دژی پڕۆژەکە دەوەستنەوە.
کەناڵی ئیستەنبووڵ 45 کیلۆمەتر درێژە، 21 مەتر قووڵە و 275 مەتر پانە، حکومەتی ئاکپارتی دەڵێت، کەناڵەکە گواستنەوەی سووتەمەنی و بەرهەمی دیکە لە گەرووەکاندا 13 ئەوەندە زیاتر دەکات و گوشار و مەترسییەکانی سەر دەریای ماڕماڕا کەمدەکاتەوە. لە بەرامبەردا پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵات بە تاڵانکاری تۆمەتبار دەکەن و بە پاساوی تێکدانی سرووشت و ژینگە دژی پڕۆژەکە دەوەستنەوە.
پرۆژەی کەناڵ ئیستەنبووڵ دروستکردنی نۆکەندێکە کە لە بەشی ئەورووپای ئیستەنبووڵەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە دەریای رەش.
گوژمەی پڕۆژەکە 15 ملیار دۆلارە و بڕیارە لە ماوەی 6 ساڵدا تەواو بکرێت. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 12 ساڵدا داهاتی خۆی بەدەستبخات.
دەسەڵات پڕۆژەکە بە رزگارکەری داهاتووی ئیستەنبووڵ و ئۆپۆزیسیۆنیش بە هۆکاری تێکدان و وێرانبوونی شارەکەی دەزانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ