رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە و پرۆسەی چارەسەری لە مژارە سەرەکییەکانی دەبێ.
بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئامادەبوونی تەواوی وەزیرەکان، کۆبوونەوەی ئاسایی مانگانە لە ئەنقەرە بکات.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رایگەیاند: "مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی دەبن لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر، هەڵوەشاندنەوەی رێکخراو (پەکەکە)، سیاسەتی دەرەوە، گفتوگۆی ئاشتیی ئیستەنبووڵ بۆ ئاگربەستی نێوان رووسیا-ئۆکراینا، دۆخی سووریا، چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پشووی جەژنی پیرۆز."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئابووری، وەبەرهێنان، هەڵاوسان، بەرزیی نرخ لە بازاڕ و هەلی کار دەخرێنە بەرباس.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ