پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی: رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی ئاشتیدا گرنگە

02-07-2025
پەیمان محەممەد
عەبدولڕەحیم فڕات، پەرلەمانتاری ئاکپارتی.
عەبدولڕەحیم فڕات، پەرلەمانتاری ئاکپارتی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی دەڵێت، ئەگەر گشتپرسی بکرێت، 90٪ـی خەڵکی تورکیا لەگەڵ پڕۆسەی ئاشتین؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێک لە ئەندامانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان چەک دادەنێن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 02-07-2025، عەبدولڕەحیم فڕات، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە ئەرزەڕۆم لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 15:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشیکرد، لەبارەی چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، ''زانیاریمان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا چەک دادەنرێت و قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات.''
 
عەبدولڕەحیم فڕات گوتی، ''داواکاریمان ئەوەیە کە پڕۆسەی ئاشتی بە خۆشی کۆتایی بێت و هەر کەسێک لە تورکیادا بە مافی خۆی بگات.''
 
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، چەک دابنێن.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان زانیاری وەرگرتووە و بەپێی ئەو دوو سەرچاوەیە، رێوڕەسمی چەکدانانەکە دەکەوێتە رۆژانی سەرەتای مانگی تەممووز و لە هەرێمی کوردستان دەبێت. 
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پڕۆسەی ئاشتیدا گوتی: ''رۆڵێکی گەلێک گرنگە. لە کاتی چەکدانان لە سلێمانی و هەولێر، ئەوان [بەرپرسانی هەرێمی کوردستان] هاوکارییەکی زۆر گەورە پێشکێش دەکەن.''
 
عەبدولڕەحیم فڕات گوتیشی: ''تورکیا و هەرێمی کوردستان هەمووکات یاسای یەکدیان پاراستووە و پێکەوە کاریان کردووە، ئێمە سوپاسی (بەرپرسانی هەرێمی کوردستان) دەکەین بۆ رۆڵە گرنگەکەیان.''
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی لەبارەی چارەنووسی ژمارەیەک لە فەرماندەکانی پەکەکە لەدوای چەكدانان دەڵێت، پێویستە سەرەتا دەستوور بگۆڕدرێت، لەم بوارەشەوە ''هەنگاوی یەکەم نراوە. ئێستا لە تورکیا کارکردن لەسەر گۆڕینی دەستوور هەیە لەلایەن ئاکپارتییەوە بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، (یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا) کۆمیسیۆنێکی 11 کەسی پێکهێنراوە و کۆمیسیۆنەکە لە بواری دەستوورەوە دەستی بە کارەکانی کردووە.''
 
بەگوتەی عەبدولڕەحیم فڕات، پارتەکانی نێو پەرلەمانی تورکیاش کۆدەبنەوە و کۆمیسیۆنێک پێکدەهێنن کە لە 30 بۆ 40 کەس پێکدێت و بەمەبەستی ''بنیاتنانی ئاشتی'' کار لەسەر دەستوور دەکرێت.
 
یەکی مانگی 10ـی پار، دەوڵەتی تورکیا دەستپێشخەرییەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا راگەیاند، پرۆسەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە "تورکیای بێ تیرۆر" و لەلایەن پەکەکەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتی" ناودەبرێت.
 
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکپارتی ئاماژەی بەوە کرد، لەدوای چەکدانانی پەکەکە، بۆ گەیشتن بە ''دیموکراسی و مافی هەر کەسێک''، لە رێگەی دەستوورەوە کار دەکرێت و هەنگاوی گرنگ دەنرێت، ''واتا تاوەکو چەک دانەنرێت، یاسای نوێ لە پەرلەمان دەرناکرێت.''
 
ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەپەرستە، بە هەموو شێوەیەک دژی گۆڕینی دەستوور  و پڕۆسەی ئاشتین. هەر ئەمڕۆ چوارشەممە موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکە لە ئێکس پڕۆسەی ئاشتی بە ''خیانەتکردن لە تورکیا'' ناو برد و گوتی، ''پێویستە گشتپرسی لەسەر ئەم پرۆسەی خیانەتە بکرێت''.
 
عەبدولڕەحیم فڕات لەوبارەوە گوتی: ''90٪ـی خەڵکی تورکیا لەگەڵ ئاشتین، ئیی پارتی لەم قۆناخەدا سیاسەتێکی دیکە لەبەرچاودەگرن، بەڵام ئەگەر گشتپرسیش بکرێت، بە رێژەیەکی بەرچاو، پڕۆسەی ئاشتی قبووڵ دەکرێت.''
 
ئەو پەرلەمانتارەی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، ''هەندێک لایەن هەن کە نایانەوێت پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام، بەڵام دژبەرانی پرۆسەکە ناگەنە %10یش.''
 
لەدوای چەکدانانی پەکەکە، پێویستە یاسایەک بۆ دەستبەرکردنی گەڕانەوەی گەریلاکان بۆ تورکیا دەربچێت، بۆ ئەوەی نەخرێنە زیندانەوە و ئازادییان دەستبەر بکرێت. عەبدولڕەحیم فڕات دەڵێت، ''پەرلەمان لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو کۆمیسیۆنە 30 بۆ 40 کەسییە پێکدەهێنێت، بۆ ئەوەی چ یاسایەک پێویستی بە گۆڕین بێت، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتی، بگۆڕدرێت.''
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، ئیرادەی دانانی چەک هەیە، بەڵام هێشتا ئەو هەنگاوە نەنراوە، ''هەرکاتێک چەکەکان دانران، ئەوکاتە گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی ئەندامانی پەکەکە دەکرێت کە لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، دەچنە ئەورووپا یان دەگەڕێنەوە نێو تورکیا.''
 
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە ئیمراڵی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 -7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میلـلی تورکیا و ژمارەیەک لە پارتەکانی تورکیا پێشوازییان لە بانگەوازی ئۆجەلان کرد.
 
هەروەها سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و  پارتەکانی کوردستان، هەروەها ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان پێشوازییان لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد.   

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە