تورکیا
مێراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئەرزەڕۆم و ئەندامی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی، کە ئەندامی لیژنەکەی پەرلەمانە بۆ پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، "دەستەواژەی (تورکیای بێ تیرۆر) بۆ ناوی لیژنەکە قبووڵ ناکەین. دژی ئەو دەستەواژانەین ئازارەکانمان بیر دێننەوە."
مێراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئەرزەڕۆم و ئەندامی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری، لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "لە یەکەم کۆبوونەوەدا ناوی لیژنەکە بڕیاری لێدەدرێت. ئێمە دەستەواژەی (تورکیای بێ تیرۆر) بۆ لیژنەکە قبووڵ ناکەین. دژی ئەو چەمکانەین ئازارەکانمان بیر دێننەوە و ئاماژەن بۆ جیاکاری. وشەی تیرۆر بە درێژایی چەندین ساڵ لەم وڵاتەدا بووەتە هۆی مردن، خوێن و شەڕ."
بە گوتەی بێشتاش، سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەرگا بەڕووی بەرقەرارکردنی دیموکراسی لە تورکیا واڵا دەکات. گوتیشی، "تورکیا ئێستا بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت و ئەم پرۆسەیە بریتییە لە بەدیهێنانی یەکسانی لەنێوان هەموو هاووڵاتییانی."
سەبارەت بە ناوی لیژنەکە عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن - دەڤا رۆژی سێشەممە، 29ی تەممووز، لە وانی باکووری کوردستان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "حەزمان بە دەستەواژەی ئەرێنییە. (تیرۆر) وشەیەکی نەرێنییە. پاشگری (بێ)ش هەر نەرێنییە. بۆیە بە گونجاوی دەزانین، بە دەستەواژەی ئەرێنییەوە ئەم پرۆسەیە بەرەو پێشەوە بچێت."
هەمان رۆژ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ناوی "برایەتی و هاوپشتی" بۆ لیژنەکە بەکارهێنا.
گولەریوز بەشداریکردنی پارتە سیاسییەکانی لە لیژنەکە بە "گرنگ" ناوبرد و باسی لەوەش کرد، "چاوەڕوانیی کۆمەڵگە و ئێمەش لە لیژنەکە ئەوەیە کارەکان بە شێوەیەکی شەفافانە بەڕێوەببات."
لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بڕیاربوو لە 51 ئەندام پێکبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیی پارتی بڕیاری بەشدارینەکردنی داوە، بۆ 48 ئەندام دابەزیوە.
ئاکپارتی بە 21 ئەندام، جەهەپە بە 10 ئەندام، هەریەک لە دەم پارتی و مەهەپە بە 4 ئەندام، پارتی رێگەی نوێ بە 3 ئەندام و هەر یەک لە پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە یەک ئەندام بەشداری لە لیژنەکەدا دەکەن.
لیژنەکە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 05-08-2025 بە سەرپەرشتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات.
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە لە تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ