رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێ، کردنەوەی هێڵی بۆریی گازی سرووشتیی تورکیا - سووریا بۆ گواستنەوەی گازی ئازەربایجان بۆ سووریا نیشانەی دۆستایەتیی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقە؛ باس لەوەش دەکات، بەهۆی ئەو گازەی بۆ سووریا دەگوازرێتەوە پێداویستیی کارەبای 5 ملیۆن خێزان لەو وڵاتە دابین دەکرێ.
ئەمڕۆ شەممە دووی ئابی 2025، بە ئامادەبوونی ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا؛ محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا؛ میکایل جەبارۆڤ، وەزیری ئابووریی ئازەربایجان و فەهەد حەمەد سولەیتی، سەرۆکی سندووقی گەشەپێدانی قەتەر، رێوڕەسمی کردنەوەی هێڵی بۆری گازی سرووشتیی تورکیا- سووریا لە شاری کلیسی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو.
ئالپئارسلان بایراکتار لە گوتەیەکدا گوتی، "لەگەڵ کۆمپانیای سۆکار کە کۆمپانیای نەوت و گازی سرووشتیی ئازەربایجانە، رێککەوتنێکمان واژۆکرد بۆ گەیاندنی ئەو گازەی لە ئازەربایجانەوە دێت بۆ سنووری تورکیا- سووریا. ئەمڕۆش لەگەڵ میکایل جەبارۆڤ، وەزیری ئابووریی ئازەربایجان، بە دروشمی 'دوو دەوڵەت، یەک گەل پێکەوەین'. لە ئەمڕۆوە بەو گازەی لە ئازەربایجانەوە دێ، سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی سووریا دابین دەکەین."
بایراکتار گوتی، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا زیاتر بەهێز دەکەن و گوتی، "ئەمڕۆ لە شاری کلیس بینەری ساتێکی مێژوویین. کردنەوەی هێڵی بۆریی گازی سرووشتیی تورکیا - سووریا کە نیشانەی دۆستایەتیی ئێمەیە لە بواری وزەدا، رادەگەیێنین. هیوادارم ئەم هێڵە خێر و بەرەکەت و خۆشگوزەرانی بۆ وڵات و گەلەکانمان و ئارامی بۆ ناوچەکەمان بهێنێت."
بایراکتار گوتیشی: "دوو شاندی جیاوازمان لە وەزارەتەوە ناردە دیمەشق و دیاریمان کرد کە لە ماوەی کورت، مامناوەند و درێژخایەندا دەتوانین چی بکەین. وەک تورکیا، لە ساڵی 2017ـەوە ئاسایشی وزەی ناوچەکانی وەک عەفرین و ئیدلب دابین دەکەین. ئێستاش لە 8 خاڵی جیاوازەوە کارەبا هەناردەی سووریا دەکەین."
بە گوتەی بایراکتار، توانای هەناردەکردنیان سەرەتا بە رێژەی 25% و دواتریش بە زیادکردنی هێڵی نوێ، بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز دەکەنەوە؛ گوتیشی: "کاتێک کارەکانمان تەواو دەبن، توانای هەناردەکردنمان دەگاتە 861 مێگاوات و بەمەش پێداویستیی کارەبای یەک ملیۆن و 600 هەزار ماڵ لە سووریا دابین دەکەین."
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەکی بنیاتنەرانەیە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وزەی سووریا و گوتیشی: "سەردانی دیمەشقم کرد. بابەتە گرنگەکانی وەک کارەبا، گازی سرووشتی و نەوتمان خستە بەرباس؛ یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لە بوارەکانی وزە، کانزا و هایدرۆکاربۆندا واژۆکرد. بەم رێککەوتنە، چوارچێوەیەکمان بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لەنێوان وڵاتەکانمان دانا. هەنگاوێکی گرنگمان نا بۆ گواستنەوەی ئەو گازە سرووشتییەی کە وێستگەکانی کارەبای حەلەب پێویستیانە، لە رێگەی هێڵی بۆرییەوە لە تورکیاوە."
بایراکتار باسی لە درێژکردنەوەی ئەو بۆرییە کرد کە تیرەکەی 36 ئینجە و درێژییەکەی نزیکەی 93 کیلۆمەترە و لە قەزای تورکئۆغڵوی مەرەشەوە بەرەو سووریا دەچێت و گوتی: "هێڵەکە گەیشتووەتە وێستگەی پێوانەی یاڤوزڵو لە گوندی یاڤوزڵوی کلیس لە سنووری تورکیا-سووریا. کۆمپانیای بۆتاش لەگەڵ کۆمپانیای گازی سووری (SGC) پێکەوە کاریان کردووە بۆ ئامادەکردنی ژێرخانی بەشە سوورییەکەی هێڵەکە و هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی تەکنیکییان پێشکەش کردوون."
بایراکتار رایگەیاند، "ئەو گازە سرووشتییەی لە ئازەربایجانەوە دێت، لە رێگەی کلیسەوە دەدەینە سووریا. لە وێستگەی پێوانەی یاڤوزڵوەوە رۆژانە تاوەکو 6 ملیۆن مەتر سێجا گاز هەناردە دەکەین. پشتیوان بە خودا، گازی سرووشتی دەگەیەنینە حەلەب و لەوێشەوە بۆ حمس. بەم شێوەیە، وێستگەکانی کارەبای ئەوێش لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونەوە کار."
بایراکتار ئاماژەی بەوەش کرد کە لە قۆناخی یەکەمدا ساڵانە تاوەکو 2 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی هەناردەی سووریا دەکرێت. ئەو گازە دەبێتە هۆی کارپێکردنی وێستگەیەکی کارەبا بە توانای نزیکەی 1200 مێگاوات، کە بە گوتەی بایراکدار، بەمەش پێداویستیی کارەبای 5 ملیۆن خێزان دابین دەکرێ و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان لە سووریا.
دوای نۆژەنکردنەوەی ئەو بۆرییە گازانەی زیانیان بەرکەوتبوو، رۆژی 21ی ئایار هێڵی گواستنەوەی نێوان کلیسی باکووری کوردستان و حەلەبی سووریا تەواو بوو.
هەناردەکردن لە رێگەی ئەو هێڵەوە کە توانای گواستنەوەی رۆژانە 6 ملیۆن مەتر سێجا گازی هەیە، ئەمڕۆ دەستپێدەکات. ئەو گازەی لەم هێڵەوە دەگوازرێتەوە، دەکرێت ساڵانە بگاتە 2 ملیار مەتر سێجا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ