بوومەلەرزەناسێکی تورکیا: ئەگەری بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر هەیە

02-10-2025
هێمن عەساف
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ 

دوای بوومەلەرزەکەی دەریای مەرمەرە کە بە گوڕی 5.0 پلەی رێختەر روویدا و لە ئیستەنبووڵ و چەند شارێکی دەوروبەری هەستی پێکرا، بوومەلەرزەزانێکی تورکیا هۆشداری لە بوومەلەرزەیەکی بەهێزتر دەدات. 


سه‌رۆكایه‌تی بەڕێوەبردنی كاره‌سات و باری له‌ناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 14:55 خولەکی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.0 پلەی رێختەر لە دەریای مەرمەرە روویدا. چەقی بوومەلەرزەکە لە قەزای مەرمەرەئەرەیلیسی سەر بە پارێزگای تەکیرداغ روویداوە. بەهۆی زۆر نزیکبوونییەوە، لە ئیستەنبووڵ بە هێزەوە و لە شارەکانی دەوروبەریشیدا هەستی پێکرا. 

لەمبارەیەوە پرۆفیسۆر دکتۆر شەنەر ئوشومەزسۆی، زانا و بوومەلەرزەزانی بەناوبانگی تورکیا رایگەیاند، ئەو بوومەلەرزەیەی ئەمڕۆ لەسەر هەمان ئەو هێڵە بووە کە پێشتر هۆشداریی لەبارەوە دابوو.

ئوشومەزسۆی، ئاماژەی بە بوومەلەرزەکەی رۆژی 23ی نیسان کرد و گوتی، "لەو بوومەلەرزەیەدا چینەی نێوان سیلیڤری و بویوکچەکمەجە لە نزیک وشکانی شکا، بەڵام ئەو قڵیشە بەشێکی دیکەی هەبوو کە بەرەو رۆژئاوا و بۆ ناوچەی سیلیڤری درێژ دەبووەوە. پێشتریش گوتبووم کە لەسەر ئەو بەشە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 بۆ 6.2 پلە هەیە." 

بە گوتەی ئەو شارەزایە، ئەو بەشەی هێڵی بوومەلەرزەکە کە بەرەو سیلیڤری دەچێت، نەشکاوە و توانای دروستکردنی بوومەلەرزەیەکی بە گوڕی 6.2 پلەی هەیە.

شەنەر ئوشومەزسۆی، دەڵێت، "وزەی سەر ئەو چینە بەتاڵ نەبووەتەوە. هێشتا توانای بوومەلەرزەیەکی 6.1 پلەیی هەیە. لە نزیکەی 200 کیلۆمەتر، تەنیا 10 کیلۆمەتری شکا، واتە 190 کیلۆمەتری دیکە ماوە کە ئەگەری شکانی هەیە."

داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ رایگەیاند، لە ئیستەنبووڵ 17 کەس برینداربوون سەرجەمیان لە ئەنجامی رەفتاری ترس و دڵەڕاوکێیەوە بریندار بوون. جەختی لەوەکردەوە لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەر وەردەگرن و هیچکام لە بریندارەکان مەترسی لەسەر ژیانیان نییە. لەبارەی زیانە مادییەکانەوە ئەوەشی خستەڕوو تاوەکو ئێستا چوار باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە و تیمەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوون و چاوەڕێی راپۆرتەکانیانن.

رۆژی 23ـی نیسانی 2025، لە کاژێر 12:49 خولەکەوە بۆ ماوەی نزیکەی یەک کاژێر، چوار بوومەلەرزە لە ئیستەنبووڵ روویاندا. ئەوەی گوڕەکەی 6.2 بوو، بەهێزترینیان بوو. بەهۆیەوە 151 کەس بریندار بوون و 11 باڵەخانە رووخان. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گولجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی و گوتەبێژی ئینیسیاتیڤی یەکێتیی دیموکراتیک

دەم پارتی داوای لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی دەکات

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، داوا لە پەرلەمانی تورکیا دەکات لێکۆڵینەوە لە ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و داواکاریی خوێندن بە زمانی دایک بکات؛ دەشڵێت: "سیاسەتی 'یەک زمانی' یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پرسی کورد."