رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا، ستایشی کەشی کردنەوەی خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، "کەشی پەرلەمان هیوای پێداین." هاوکات، رەخنە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێت کە بە گوتەی ئەو "بە بیانوویەکی هەڵبەستراو" لە دانیشتنەکە هەڵاتوون.
دوێنێ چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، دوای رێوڕەسمی کردنەوەی ساڵی نوێی یاسادانان، ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆک و پەرلەمانتارانی دەم پارتی، مەهەپە، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دێڤا)، ئیی پارتی و پارتی سەعادەت کۆبووەوە، بەڵام جەهەپە بایکۆتی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی مانگ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئاکپارتیدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رەخنەی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت و گوتی، "ئەو قسە بێمانایانەی بۆ خۆدزینەوە لە کردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمان کردیان، هیچ بەهایەکی نییە. بەداخەوە شێوازی سیاسەتکردنیان بەم جۆرەیە."
ئەردۆغان راشیگەیاند: "کەشی پەرلەمان بووە هۆی ئەوەی هیواکانمان زیاتر بن. بەتایبەتی دەمەوێت بڵێم کە دیمەنەکەی دوێنێمان زۆر بەلاوە بەنرخ بوو. هەڵاتنی پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن بە بیانوویەکی هەڵبەستراو، وایکرد زیهنیەتی ئەوان ببینرێت. لێرەدا ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە ئەو کارە ناشرینەیان راستەوخۆ بەرامبەر بە گەل و پەرلەمان کرد."
ئەردۆغان، رەخنەی لە شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی جەهەپە گرت: "سەرەڕای ئەو هەموو گەندەڵییەی ئاشکرا بووە، بەداخەوە جەهەپە هێشتا نەیتوانیوە خۆی لە کاریگەریی ئەو رێکخراوە تاوانکارییانە رزگار بکات کە شارەوانییەکان تاڵان دەکەن. ئەو شارەوانییانەی لە هەڵبژاردنی رابردوودا دەستیان گۆڕی، خەریکە مایەپووچ دەبن. دەست بۆ هەر شتێک دەبەیت، ئابڕووچوونی بەرتیل دەتەقێتەوە. خەڵک ئاوی دەستناکەوێت، ئەگەر دەستیشی بکەوێت بە نرخی گرانە. ئەوانەی ناتوانن زبڵەکان کۆبکەنەوە، کەچی بێ شەرمانە هەوڵ دەدەن وانەی شەرەف بە ئێمە بڵێنەوە."
بەشێکی گرنگی گوتارەکەی ئەردۆغان، تایبەت بوو بە دەستوەردانی ئیسرائیل لەو کەشتییە مرۆییەی بەرەو غەززە بەڕێکەوتبوو.
ئەردۆغان، رایگەیاند: "سەرکۆنەی ئەو چەتەگەرییە دەکەم کە بەرامبەر کەشتیی سومود کرا، کە بۆ سەرنجڕاکێشان بۆ ئەو دڕندەییەی منداڵان لە برساندا لە غەززە دەمرن و بۆ گەیاندنی یارمەتی بە ستەملێکراوانی فەلەستین بەڕێکەوتبوو. ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، جارێکی دیکە سەلماندی کە تیمی کۆمەڵکوژییەکە لە چ دۆخێکی شێتانەدایە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان لە غەززە."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "حکومەتی کۆمەڵکوژی نەتەنیاهوو، نەک هەر رێگە بە دامەزراندنی ئاشتی نادات، بەڵکو بەرگەی سەوزبوونی بچووکترین هیوایەکیشی نییە. تورکیا، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەیە کە ناو کەشتیی سومودە کە بوونەتە دەنگی ویژدانی هاوبەشی مرۆڤایەتی. یەکە پەیوەندیدارەکانمان چرکە بە چرکە چاودێریی پێشهاتەکان دەکەن و رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەوەی زیان بە تاڵە مووێکی چالاکڤانان و هاووڵاتییانمان نەگات."
ئەردۆغان، جەختی لەوە کردەوە، "وەک دەوڵەت و گەل، کاری لەپێشینەمان راگرتنی خوێنڕشتنە لە غەززە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانە بەبێ هیچ بەربەستێک. برا فەلەستینییەکانمان کە لە دۆخێکی زۆر سەختدا بۆ ژیان و کەرامەت تێدەکۆشن، بە تەنیا جێناهێڵین و بە هەموو هێزمانەوە بۆ دامەزراندنی ئاگربەست و سەقامگیری کاردەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ