رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە وەک سەرۆککۆماری تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات و دواتر کابینەی نوێی حکومەتەکەی رادەگەیێنێت.
چاوەڕوان دەکرێت رێوڕەسمی سوێندخواردنەکە کاژێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی ئەنقەرە (هەمان کات بە گوێرەی هەولێر) دەستپێبکات و ئەردۆغان لە پەرلەمانی تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات؛ دواتر لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ژمارەیەک وڵات، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە گوتارێک پێشکێش دەکات و باس لە پلانی پێنج ساڵی حکومەتەکەی لەنێوخۆ و سیاسەتی دەرەوەی دەکات.
هەر ئەمڕۆ ئەردۆغان ناوی وەزیرانی کابینەکەی رادەگەیێنێت و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە؛ رۆژی 4ی حوزەیرانیش، وەزیرانی کابینە نوێیەکەی حکومەتی تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا سوێندی یاسایی دەخۆن و رۆژی 5ی حوزەیران، لەگەڵ وەزیرانی پێشوو ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکەن و دەستبەکار دەبن.
ژمارەیەک سەرکردە بۆ رێوڕەسمەکە بانگهێشتکراون، لەوانەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی دۆستانە و بەهێز لە نێوانیاندا هەیە.
رۆژی 31-5-2023 سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان قسەی کرد و پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆککۆماری تورکیا لێکرد.
هەردوو سەرۆک لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ ئەنقەرە قسەیان کرد و رەجەب تەیب ئەردۆغان بە فەرمی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنەکەی بانگهێشت کرد.
لەسەر ئاستی عێراقیش فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری سەرۆکوەزیران لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبێت.
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەربژێری هاوپەیمانیی جهموور 52.18%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە دەکاتە 27 ملیۆن و 834 هەزار و 589 دەنگ. لە بەرامبەردا کەمال کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت %47.82ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا کە 25 ملیۆن و 504 هەزار و 724 دەنگ بوون.
لیستی بەشداربووانی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی تورکیا
- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
- ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان
- نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا
- رومێن رادێڤ، سەرۆکی بولگاریا
- عەلی بۆنگۆ ئۆندیمبا، سەرۆکی گابۆن
- ئومارۆ سیسۆکۆ ئێمبالۆ، سەرۆکی گینیا بیساو
- سیریل رامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقیای باشوور
- یاکۆڤ میلاتۆڤیچ، سەرۆکی مۆنتێنێگرۆ
- قاسم جۆمەرت تۆکایێڤ، سەرۆکی کازاخستان
- سادر جاپارۆڤ، سەرۆکی کرگیزستان
- ساسۆو نێگواسۆ، سەرۆکی کۆنگۆ
- ڤژۆسا عوسمان، سەرۆکی کۆسۆڤا
- ئەرسین تاتار، سەرۆکی قوبرسی باکوور
- ستیڤۆ پێندارۆڤیسکی، سەرۆکی ماسادۆنیای باکوور
- شەوکەت میرزیۆیێڤ، سەرۆکی ئۆزبەکستان
- پاوڵ کاگامێ، سەرۆکی رواندا
- ماکی ساڵ، سەرۆکی سەنیگال
- حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ
- فاورێ ئێسۆزیمنا گناسینگبە، سەرۆکی تۆگۆ
- سەردار بەردی مۆهاممادۆڤ، سەرۆکی تورکمانستان
- مەحموود شەهابودین چوپو، سەرۆکی بەنگلادیش
- مامادی دۆمبۆویا، سەرۆکی گانا
- شاهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان
- ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هانگاریا
- نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا
- عەبدولحەمید دیبەیبە، سەرۆکوەزیرانی لیبیا
- سەرۆکوەزیرانی 13 وڵاتی دیکە
- کوبانچیبەک ئۆمورالیێڤ، سکرتێری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی تورک زمان
- یان ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ
- حوسێن ئیبراهیم تەها، سکرتێری گشتیی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی
- ڤاچێسلاڤ ڤیکتۆرۆڤیچ ڤۆلۆدین، سەرۆکی دۆمای رووسی
- سەرۆکی پەرلەمانی 12 وڵاتی دیکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ