وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: روبیۆ و فیدان باسیان لە برەودان بە رێڕەوی سووریا بەرەو سەقامگیری کرد

04-06-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، مارکۆ روبیۆ و هاکان فیدان لەبارەی دانوستاندنی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و پرسی سووریا قسەیان کردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 3ی حوزەیرانی 2025 تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەتەلەفۆن قسەیان کردووە.
 
تامی برووس ئاماژەی بەوە کرد، هەردوولا لەسەر پرسی "پشتیوانیکردنی دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بۆ راگرتنی خوێنڕشتن" قسەیان کردووە.
 
هەروەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێدەکات، روبیۆ و فیدان لەبارەی سووریا قسەیان کردووە و باسی ئەو هەنگاوانەیان کردووە کە "ئەمریکا گرتوونیەتییەبەر بۆ هەڵگرتنی سزاکان، بۆئەوەی برەو بە رێڕەوی سووریا بەرەو سەقامگیری و بوون بە وڵاتێک کە لە ئاشتیدا بێت، بدرێت."
 
ئاژانسی فەرمیی تورکیاش بڵاویکردەوە، مارکۆ روبیۆ و هاکان فیدان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەنگاوەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی رووسیا و ئۆکراینایان تاوتوێ کردووە.
 
15و 16ی ئایاری 2025، گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی ئاشتیی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو و لەسەر گۆڕینەوەی 1000 دیلی جەنگ رێککەوتن؛ هەردوولا تاوتوێی ئەگەری ئاگربەست و کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان سەرۆکەکانی هەردوولایشیان کرد.
 
هەروەها رۆژی دووشەممە، 2ی حوەزەیرانی 2025، گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئاشتیی ئیستەنبووڵ لەنێوان رووسیا - ئۆکراینا ئەنجامدرا.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی رابردوو لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "میواندارێتیی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینامان کرد. کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، رووسیا و ئۆکراینا لەو خاڵانەی لە گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکاندا لەسەریان رێککەوتبوون، هەنگاوێک چوونە پێشەوە؛ باسی لەوەش کرد، هەردوولا لەسەر گۆڕینەوەی ژمارەیەکی زیاتری دیل رێککەوتن.
 
ئاژانسی فەرمی تورکیا دەشڵێت، وەزیرانی هەردوو وڵات دوایین پێشهاتەکانی سووریا و غەززەیشیان تاوتوێ کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە