رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پەروین بوڵدانی وەک بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە شوێنی سری سورەیا ئۆندەر دیاریکرد.
دەم پارتی رۆژی دووشەممە، 2ی حوزەیرانی 2025، لە بارەگای پارتەکەی کۆبوونەوەیەکی دوور لە چاوی میدیا کرد و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی وان و ئەندامی شاندی ئیمراڵیی بۆ پۆستی بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دیاریکرد.
بەمشێوەیەیش ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی، جێگەی سڕی سورەیا ئۆندەر، بریکاری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەگرێتەوە کە رۆژی 3-5-2025 بەهۆی لاوازبوون و لەکارکەوتنی بەشێک لە ئەندامانی جەستەی، لە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ گیانی لەدەستدابوو.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا چوار بریکاری هەن، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر سێیان ماونەتەوە، ئەوانیش: بەکر بۆزداغ، پەرلەمانتاری ئاکپارتی؛ گوڵیزار بیچەر کاراجا، پەرلەمانتاری جەهەپە و جەلال ئادان، پەرلەمانتاری مەهەپەن.
بەگوێرەی میدیای تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەم بۆنەیەوە پەیوەندیی بە پەروین بوڵدانەوە کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەی بۆ خواستووە.
پەروین بوڵدان کێیە؟
- ساڵی 1967 لە جۆڵەمێرگی باکووری کوردستان لەدایکبووە
- دایکی کوردە و باوکی عەرەبە
- خوێندنی ئامادەیی تەواوکردووە
- ساڵی 1987 لەگەڵ ساڤاش بوڵدان، سیاستەڤانی کورد ژیانی هاوژینی پێکهێناوە
- کچ و کوڕێکی هەیە، کچەکەی ناوی زەلال و کوڕەکەیشی ناوی نێچیرڤانە
- لە ساڵانی 2018-2023 هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) بووە
- رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریی 2013-2015 هەبووە
- پەرلەمانتاری دەم پارتییە لە بازنەی وان
- ئەندامی شاندی ئیمراڵییە لەو پرۆسە چارەسەرییەی لە 2024ەوە دەستیپێکردووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ