رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو و هیچ کام لە بەربژێرەکان دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا، بەو جۆرەش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کەوتە گەڕی دووەم.
بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی تورکیا، سەرۆکی پەرلەمان بە دەنگی 400 پەرلەمانتار هەڵدەبژێردرێت. ئەگەر هیچ کام لە بەربژێرەکان 400 دەنگیان بەدەستنەهێنا، پرۆسەی دەنگدان دەچێتە گەڕی دووەم.
بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا پێنج پەرلەمانتار بەربژێر بوون و ئەنجامی دەنگەکانیان لە گەڕی یەکەم بەمشێوەیە بوو:
نوعمان کورتولمووش، بەربژێری ئاکپارتی، مەهەپە و هوداپار: 305 دەنگ
ئوغور بایراکتوتان، بەربژێری جەهەپە: 122 دەنگ
جەنگیز چاندار، بەربژێری دەم پارتی: 50 دەنگ
محەممەد کارامان، بەربژێری پارتی رێگەی نوێ: 31 دەنگ
مستەفا جیهان پاچاجی، بەربژێری ئیی پارتی: 30 دەنگ
لە هەڵبژاردنەکەدا 10 دەنگی پووچەڵ هەبوون و کەسێکیش پسووڵەی دەنگدانی بەبەتاڵی خستە نێو سندووق.
لە گەڕی دووەمی دەنگداندا هەر کام لە بەربژێرەکان 365 دەنگ بەدەستبێنێت، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.
ئەگەر ئەم دەنگانەش لەلایەن بەربژێرەکانەوە بەدەستنەهات، پرۆسەکە دەچێتە گەڕی سێیەم و هەر کام لە بەربژێرەکان 301 دەنگ بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
ئەگەر لە گەڕی سێیەمیشدا یەکلایی نەکرایەوە، لە گەڕی چوارەمدا کێبڕکێ لەنێوان دوو بەربژێر دەکرێت و کامەیان زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان.
رۆژی 7ـی حوزەیرانی 2023 بە ئامادەبوونی 582 پەرلەمانتاری سەرجەم فراکسیۆنەکان، پرۆسەی دەنگدانی نهێنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو و نوعمان کورتولمووش بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ