رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، هەفتەی داهاتوو پێشهاتی تایبەت بە چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان روودەدات و داوا دەکات هەموو رێکارێک بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی دۆخێک نەیێتە ئاراوە کە پەنا بۆ چەک ببرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سێی تەممووزی 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی لە بارەگای سەرەکیی پارتەکە لە ئەنقەرە رێکخست.
ئایشەگوڵ دۆغان سەبارەت بە پرۆسەی دانانی چەک لە لایەن گەریلاکانی پەکەکەوە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی پرۆسەی چارەسەریدا رایگەیاند، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا و پەکەکە و ئەو زانیارییانەی پێیان دراون، هەفتەی داهاتوو چاوەڕێی پێشهاتێکی تایبەت بە بڕیاری دانانی چەک لە لایەن گەریلاکانی پەکەکەوە دەبن.
گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند: "دیار نییە کام رۆژە. ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتوون باس لەوە دەکەن پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێ. هەروەها روون نییە لە هەولێر یان سلێمانی یان لە کام ناوچە دەبێ. گرنگ نییە لە کوێ بێ؛ گرنگ ئەوەیە نزیک دەبینەوە لە هەنگاوێکی مێژوویی."
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی، ئەو هەنگاوانەی پێویستە بنرێن، دەنرێن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئاگربەست بکرێتە دۆخی ئاشتییەکی هەمیشەیی، جەنگ کۆتایی بێت و چەک بێدەنگ بکرێت".
ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "گرنگە هەر جۆرە رێکارێک بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی چیدیکە دۆخێک نەیێتە ئاراوە کە تێیدا لایەنەکان پەنا بۆ چەک ببەن."
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 30-6-2025 رووداو هەواڵێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.
ئەو رۆژە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە بابەتەکە بە رووداویان راگەیاند، لەنێوان سێ بۆ 10ـی تەممووز، ژمارەیەک گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و لەنێوان 20 بۆ 30 کەس دا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ