رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی لیژنەکەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمان دەڵێت: ''هەوڵێکی بەهادارە''.
محەممەد ئوچووم، یەکێک لە راوێژکارە باڵاکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە، 3ـی ئابی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی تورکیا پێکدەهێندرێت، هەنگاوێکی بەهادارە''.
راوێژکارە باڵاکەی ئەردۆغان لەبارەی رۆڵی لیژنەکە گوتی: ''ئەگەر پێناسەیەکی دروست بۆ ئامانجەکەی بکرێ، هەروەها کاری گونجاو بۆ ئەو ئامانجە بکرێ، دەکرێ ببێتە لیژنەیەکی مێژوویی''.
لیژنەی پرۆسەی چارەسەری بڕیاربوو لە 51 ئەندام پێکبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئیی پارتی بڕیاری بەشدارینەکردنی داوە، بۆ 48 ئەندام دابەزیوە.
ئاکپارتی بە 21 ئەندام، جەهەپە بە 10 ئەندام، هەریەک لە دەم پارتی و مەهەپە بە 4 ئەندام، پارتی رێگەی نوێ بە 3 ئەندام و هەریەک لە پارتی دۆزی ئازاد (هودا پار)، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی رەنج، پارتی چەپی دیموکرات و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ بە یەک ئەندام بەشداری لە لیژنەکەدا دەکەن.
لیژنەکە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 05-08-2025، بە سەرپەرشتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە و بە فەرمی دەست بە کارەکانی دەکات.
ئەو لیژنەیە لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ