رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە دەڵێت، "پەرلەمان کاری پێناکرێت و رەخنەکانمان لەسەر ئەو بنەمایەیە."
گۆکهان گونایدن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، رەخنەی لە ئاکپارتی و مەهەپە گرت و ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە 774 پرۆژەیاسامان پێشکێش کردووە، بەڵام هیچ کامیان پەسند نەکراون. ئیی پارتی 114 پرۆژەیاسای پێشکێش کردووە، هیچ کامیان نەبوونەتە یاسا. دەم پارتی 331 پرۆژەیاسای پێشکێش کردووە و هیچ کامیان نەبوونەتە یاسا. گرووپی یەنی یۆڵ 83 پرۆژەیاسای پێشکێش کردووە و هیچ کامیان دەنگیان لەسەر نەدراوە."
گونایدن گوتی، "جەهەپە 1226، دەم پارتی 1038، ئیی پارتی 500، یەنی یۆڵ 156 و مەهەپە 13 پێشنیازی بەدواداچوونیان پێشکێش کردووە. تەنیا 9 لیژنە بۆ هەموویان پێکهێندراون، ئەوانیش دەستی دەستییان پێ کراوە."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە باسی لە پرسیارە پەرلەمانییەکانیش کرد و گوتی، "28,663 پرسیار کراون، بەڵام تەنیا 14%یان لە ماوەی یاساییدا وەڵام دراونەتەوە. تەنانەت زۆربەی وەڵامەکانیش راست نین. مادەیەکی یاسا دەنووسن و وەکو وەڵام دەینێرنەوە. ئیدی بەمشێوەیە شکۆی پەرلەمانیان شکاندووە."
گۆکهان گونایدن باس لەوە دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی هەیە، بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی دەستپێکی وەرزی نوێی یاسادانان هیچ مانایەکی نەبوو.
1ی تشرینی یەکەمی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بەشداریی کرد لە رێوڕەسمی کردنەوەی چوارەمین وەرزی 28ـەمین خولی یاسادانانی پەرلەمان تورکیا. جگە لە فراکسیۆنی جەهەپە، سەرجەم لایەنەکان بەشداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ