تورکیا
ساتی دەستبەسەرداگرتنی یەکێک لە بەلەمەکانی سەر بە کەشتیگەلی "خۆڕاگریی جیهانی" لەلایەن هێزی دەریایی سوپای ئیسرائیلەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، کارمەندانی کۆنسووڵخانەیان چاویان بەو هاووڵاتییە تورکانە کەوتووە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە کەشتیگەلی "خۆڕاگریی جیهانی" بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە غەززە دەستبەسەر کراون.
ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوەکانی نێو کەشتیگەلی "خۆڕاگریی جیهانی" و ئەو چالاکڤانە بڵاوکردەوە کە هاووڵاتیی تورکیان.
کەچەلی گوتی، لەنێو سەتان چالاکڤانی نێو کەشتیگەلەکەدا نزیکەی 50 هاووڵاتیی تورکیا هەن. گوتیشی، "بەهۆی ئەوەی هەندێکیان خاوەن دوو وڵاتینامەن، ناتوانرێ ژمارەی ورد بزانرێ. ئەو چالاکڤانانە لە 2ی تشرینی یەکەم لە بەندەری ئەشدۆد چوونەتە وشکانی و دوای رێکارە کارگێڕییەکان، بە قۆناخ بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە باشووری ئیسرائیل گوێزرانەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی، تورکیا لە سەرەتاوە بە وردی چاودێریی پرۆسەکەی کردووە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، پەیوەندیی تەلەفۆنیی چڕیان ئەنجامداوە.
کەچەلی ئاماژەی بەوەش کرد ،کارکردن لەسەر بژاردەکانی گواستنەوەیان بەردەوامە و رایگەیاند: "ئەگەری ئەوە هەیە هاووڵاتییەکانمان رۆژی شەممە بە گەشتێکی ئاسمانیی تایبەت بگەڕێنەوە تورکیا."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتیشی، ئەو زانیارییانەی لەبارەی هاووڵاتییانی تورکیا بەدەستکەوتوون، بە خێزانەکانیان گەیێندراوە و لەگەڵ هەر پێشهاتێکدا رای گشتی ئاگادار دەکرێتەوە.
کەشتیگەلی "خۆڕاگریی جیهانی" مانگی رابردوو لە کەناراوەکانی ئیسپانیاوە بە مەبەستی شکاندنی گەمارۆی دەریایی غەززە بەڕێکەوت و رۆژی پێنجشەممە 02-10-2025 هێزی دەریایی ئیسرائیل گەمارۆی دا و زیاتر لە 470 چالاکڤانی نێو بەلەمەکانی دەستبەسەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ