رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئیستەنبووڵ، داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی جیهانی ئیسلامی کرد، کە بەرپرسیارێتیی خۆی لە کۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن و تووندووتیژییەکانی سوودان لە ئەستۆ بگرێت. ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە هێزە نیمچە سەربازییەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) توانیان شاری ستراتیژیی فاشر لە هەرێمی دارفور کۆنترۆڵ بکەن.
ئەردۆغان، لە گوتارێکدا بە تووندی سەرکۆنەی رووداوەکانی کرد و گوتی: "هیچ کەسێکی خاوەن ویژدان و مرۆڤدۆست ناتوانێت ئەو کۆمەڵکوژییانەی ئەم دواییە قبووڵ بکات کە لە فاشر هاووڵاتییانی سیڤیلیی بێتاوان دەکەنە ئامانج. ئێمە ناتوانین و نابێت لە ئاست ئەم کارەساتەدا بێدەنگ بین."
لە کۆبوونەوەی لیژنەی هەمیشەیی بۆ هاریکاریی ئابووری و بازرگانیی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی (OIC) لە ئیستەنبووڵ، ئەردۆغان بە ئامادەبووانی گوت: "بێ گومان گەورەترین بەرپرسیارێتی بۆ کۆتاییهێنانی خێرا بە خوێنڕشتن و ململانێی ناوخۆیی لە سوودان دەکەوێتە ئەستۆی جیهانی ئیسلامی. وەکو موسڵمان، ئەرکی سەرەکیمانە کە خۆمان کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین نەک چاوەڕێی دەستوەردان بین و داوای یارمەتی لە کەسانی دیکە بکەین."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پشتیوانیی گەلی سوودان کردەوە و گوتی: "زۆر گرنگە لەم کاتە سەختانەدا لەگەڵ گەلی سوودان بین و بەردەوام بین لە پێشکێشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و پشتیوانییە گەشەپێدانەکانمان. پێویستە بە یەکپارچەیی خاک و سەروەری و سەربەخۆیی سوودان بپارێزین."
تورکیا سەرۆکایەتیی ئەم خولەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی دەکات، کە 57 ئەندامی هەیە.
رێکخراوەکە لە ساڵی 1969 دامەزراوە و وەکو دەنگی کۆی جیهانی ئیسلامی کار دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان. لەدوای دەستپێکردنی ململانێی ئێستای سوودان لە نیسانی 2023ـەوە، تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ سوپای نیشتمانیی سوودان لە شەڕەکەیدا دژی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا راگەیاندووە.
بەگوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە ماوەی تەنیا هەفتەیەکدا نزیکەی 37 هەزار کەس لە فاشر هەڵاتوون، دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا سوپایان لە شارەکە دەرکرد، کە دوایین قەڵای حکومەت بوو لە هەرێمی دارفور. ئەمە دوای گەمارۆیەکی 18 مانگە هات، کە بووە هۆی برسێتی و بۆردوومانی بەردەوام.
راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دەیان هەزار کەسی دیکە هێشتا لەنێو شارەکەدا گیریان خواردووە و رووبەڕووی مەترسیی جددی بوونەتەوە. راپۆرتەکان باسی کوشتنی بەکۆمەڵ، تووندوتیژیی سێکسی، هێرشکردنە سەر کارمەندانی فریاگوزاری، تاڵانکردنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان و رفاندن دەکەن، لە کاتێکدا پەیوەندییەکان تاوەکو رادەیەکی زۆر پچڕاون.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ململانێی سوودان بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 12 ملیۆن کەسی دیکە لە ماڵ و حاڵی خۆیان، بەمەش گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون و برسێتی لەسەر ئاستی جیهاندا دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ