گوتەبێژی ئاکپارتی: کەی چەکیان دانا، با ئیلهام ئەحمەد بفەرموێ بۆ تورکیا

03-12-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژ و جێگری سەرۆکی ئاکپارتی، وەڵامی هاوسەرۆکی دەم پارتی دایەوە، کە داوای کردبوو رێگە بە ئیلهام ئەحمەد بدرێت، سەردانی تورکیا بکات و رایگەیاند، "هەر کاتێک چەکیان دانا با بفەرموون بۆ تورکیا".
 
دەم پارتی لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرییدا رۆژانی 6-7ی کانوونی یەکەم لە ئیستەنبووڵ "کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" ساز دەکات. 
 
رۆژی 29ـی تشرینی دووەمی 2025، تەیب تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی بە رووداوی راگەیاند، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کردووە. گوتی: "بانگهێشتنامەمان بۆ بەڕێز ئیلهام ئەحمەد ناردووە بۆ ئەوەی بتوانێ بەشداریی ئەم کۆنفرانسەی ئاشتی بکات".
 
تەمەل تەیب گوتبووشی: "باوەڕمان وایە ئەم دیدارانەمان ئەنجامی ئەرێنییان دەبێت و هیوادارین بەڕێز ئیلهام ئەحمەد بتوانێ بێتە تورکیا و لەم کۆنفرانسەدا ئامادە بێت." 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، عومەر چەلیک، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی (Habertürk) سەبارەت بە رێگەدان بە ئیلهام ئەحمەد بۆ ئەوەی سەردانی تورکیا بکات گوتی: "ئەم بابەتانە لە چوارچێوەی وازهێنان لە چالاکیی تیرۆریستی لێرە تاوتوێ دەکرێن. با وازبێنن و بفەرموون با بێن. ئەو کەسەی باسی دەکەن، باسی لە دانەنانی چەک کردووە و هۆکارەکەشی بەوە روونکردووەتەوە کە 'ناتوانین چەک دابنێین، چونکە بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیمان هەیە'. ئەو نازناوەی بەکاریدێنێت، دژی یەکپارچەیی خاکی سووریایە".
 
چەلیک ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەری کرد و قسەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بەبیرهێنایەوە، کە لە 12ی ئابی 2005 لە گوتارێکدا لە ئامەد گوتبووی، "پرسی کورد، پرسی منە" و رایگەیاند، ئەمە کێشەی ناوچەیەکی دیاریکراوی تورکیا نییە.
 
عومەر چەلیک، جەختی لەوە کردەوە، بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، "یەکێکە لە گرنگترین هەڵوێستەکانی مێژووی کۆمار" و گوتی، تورکیا بەبێ چاودێریی لایەنی سێیەم، بە چاوی نیشتمانی و دامەزراوە نیشتمانییەکانییەوە، پرۆسەیەکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەستپێکردووە."
 
چەلیک، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای فەرمانی ئەردۆغان بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەم پرسە بووەتە سیاسەتی دەوڵەت و هەموو هەنگاوەکان لە دامەزراندنی کۆمیسیۆنەوە تاوەکو ئەنجامدانی چەندین سەردان، لە چوارچێوەی دەرفەتەکانی سیستمی یاساییدا بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتارێکی دەم پارتی

جەنگیز چاندار بۆ ئەردۆغان: سنوورێک بۆ هاکان فیدان دابنێ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات سنوورێک بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دابنێ و رایگەیاند، "ئەو زمانەی وەزیری دەرەوە بەکاریدەهێنێت، لە تورکیا و سووریا و هەموو شوێنێک دڵی ملیۆنان کورد دەشکێنێت."