رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رەخنەی تووند لەو پەرلەمانتارانەی ئاکپارتی دەگرێ کە لەسەر بابەتی دیار کۆچ، ئەو گەنجەی لەلایەن پۆلیسەوە لێیدرا و کەوتە نەخۆشخانە، هەڵوێستیان نییە. کۆچیغیت پێی راگەیاندن، دەتوانن لە نەخۆشخانە سەردانی بکەن یانیش پرسیار لە وەزیری داد بکەن.
لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا کە تاوەکو درەنگی شەوی رابردوو بەردەوام بوو، بابەتی هێرشی پۆلیس بۆ سەر دیار کۆچ لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە مێردینی باکووری کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرا.
دوای ئەوەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی قسەی پەرلەمانتارانی دەم پارتییان لەم بابەتە رەتکردەوە، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوتی، "دیار کۆچ کە هیچ تاوانێکی نییە، سەرباز لێیانداوە و چەند رۆژێکە لە نەخۆشخانە شەڕی مانەوە لە ژیاندا دەکات؛ تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە؛ هەروەها منداڵێکی 13 ساڵ لە بەردەم کامێراکان بەرزکرایەوە و بە زەویدا درا. ئێستا ئێمە بەوە باوەڕ بکەین کە بینیومانە و بەڵگەی ئەشکەنجەیە، یانیش بەم درۆیانەتان باوەڕ بکەین؟"
کۆچیغیت رووی دەمی کردە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و گوتی، "ئەگەر پەرلەمانتارانی ئاکەپە دەیانەوێ بزانن، دیار کۆچ لە نەخۆشخانەی سینجانە، با سەردانی بکەن. ئەگەر نایانەوێ ئەمەش بکەن، با پەیوەندیی بە وەزیری دادەوە بکەن و لە دۆخی بپرسن و بزانن چی بەسەرهاتووە."
بەشێک لە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی رەتیانکردەوە ئەشکەنجە مابێت و جەختیانکردەوە کە ئاکپارتی کۆتایی بەو سەردە هێناوە.
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە وەڵامدا گوتی، "لەم وڵاتەدا ئەشکەنجە هەر هەبووە و ئێستاش بە شێوەیەکی سیستماتیک هەیە. ئەشکەنجە کێشەیەکی عەقڵییە. تێگەیشتێک لە دەسەڵات هەیە کە ئەشکەنجە بۆ کورد، چەپ، ژن و ئۆپۆزیسیۆن بە رەوا دەبینێت."
رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2026 لە گردبوونەوەیەکی پشتیوانی بۆ بەرخۆدانی رۆژئاوای کوردستان لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە مێردین، ئاڵای تورکیا داگیرا.
دوای ئەوەی پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بەشداربووان و تووندوتیژی بەرامبەر بەشێکیان بەکارهێندرا، دیار کۆچ کە تەمەنی 25 ساڵە، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو.
بەشێک لە پۆلیسەکان تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ دیار کۆچ کە گوایە ئەو بووە ئاڵای داگرتووە، بەڵام بەرپرسانی دەم پارتی ئەمە رەتدەکەنەوە.
ئێستا دیار کۆچ لە نەخۆشخانەی سینجانە و لە ژێر چاودێرییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ