ئیی پارتی دەڵێ، نابێ مافی هیوا بدرێتە ئۆجەلان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 04-02-2026ی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی ئەگەری ئازادکردنی دەمیرتاش و ئۆجەلان دایەوە.
 
پرسیاری هەوڵی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، ئاراستەی سەرۆکی ئیی پارتی کرا.
 
سەرۆکی ئیی پارتی گوتی، "جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و بڕیارەکانی دادگەی دەستووری، شتێکە دواکەوتووە. ئەوەی لەمبارەیەوە گوتوومانە، تێڕوانینی ئێمەن بۆ بابەتەکە. بەڵام هەوڵدان بۆ پێدانی هیوا بە دڕندەیەک، ئەرکی سیاسەتڤان نییە. ئەو بابەتانەی دادگەکان بریاریان لەسەر دەدەن، هیوادارم سیاسەتڤانان بە دەستی بە هەویرەوە دەستوەردانی لەسەر نەکەن."
 
پرسیارەکە لە کاتێکدا ئاراستەی سەرۆکی ئیی پارتی کرا کە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی سێشەممە 03-02-2026 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی:"تاوەکو ئەو کاتەی ئانادۆڵ بە ئارامی، ئۆجەلان بە هیوا، ئەحمەدەکان بە پۆستی سەرۆکشارەوانی و دەمیرتاش بە لانەی خۆی شاد دەبێتەوە، بڕیاری ئێمە روونە."
 
مافی هیوا چییە؟
 
ئاماژە بەوە دەکات، دەبێ هەموو زیندانییەک هیوای ئەوەی هەبێت کە رۆژێک لە گرتووخانە بچێتە دەرەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێتەوە، بەڵام ئەوە تاوەکو ئێستا لە تورکیا نەبووەتە یاسا. 
 
ئەگەرچی "مافی هیوا" لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە بەکاردێت و بە دادگەکانی تورکیاش گوتراوە کە جێبەجێی بکەن، بەڵام تورکیا نەیکردووە.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەمبارەیەوە رەخنەی تووند لە تورکیا دەگرێ و دەڵێت، بەگوێرەی یاسا، دەبێت هەموو زیندانییەک دوای 36 ساڵ مانەوە لە ژوورەوە ئازاد بکرێ، واتە بەگوێرەی ئەو یاسایە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەگەر هیچ کێشەیەکی تەندروستی نەبێت پێویستە 2036 ئازاد بێت.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا سێ جار بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشی دەرکردووە
 
بڕیاری 20ی تشرینی دووەمی 2018
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گوتی، تورکیا مادەی 5، بڕگەی 3ی رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە.
 
دادگەکە رایگەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە مافی دادگەییکردن لە ماوەیەکی گونجاو و دادگەییکردنی بێ دەستگیرکردنەوە هەیە؛ هەروەها دەڵێ، تورکیا مادەی 18 و مادەی 3ی پرۆتۆکۆلی ژمارە 1ی رێککەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێلکردووە. 
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کردووە، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبووە.
 
بڕیاری 22ی کانوونی یەکەمی 2020
 
ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری درا کە لە 17 دادوەر پێکهاتبوو و راگەیێندرا کە دەمیرتاش لە 20ی ئەیلوولی 2019ـەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی خۆپێشاندانەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 دەستگیرکراوە. 
 
دادگەکە رایگەیاند، هێشتنەوەی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانییەتی؛ هەروەها پێشێلکردنی پابەندبوونی تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا. 
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا، دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش.
 
راشیگەیاند، حکومەتی تورکیا ناتوانێت بیسەلمێنێت دەمیرتاش تاوانی کردووە و زیندانیکردنەکەشی بە بێ بنەما ناوبرد.
 
بڕیاری 8ی تەممووزی 2025
 
دوایین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی دەمیرتاش پەیوەندی بە رووداوەکانی ساڵی 2014ــی کۆبانێ هەیە.
 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە بنەماکانی بڕیاری دەستگیرکردنەکە کۆنکریتی نەبووە و هیچ پەیوەندیش لە نێوان رووداوەکانی 2014 و تۆمەتەکانی دژی دەمیرتاش نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەیەکی پێشووتری کۆمیسیۆنەکە

سبەی کۆمیسیۆنی چارەسەری پرسی کورد کۆدەبێتەوە

کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە، بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتی کۆتایی کۆدەبێتەوە.