رووداو دیجیتاڵ
رێگەی 214 گوند لە پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، بەدلیس، ئەرزەڕۆم، قەرس و ئەردەخانی باکووری کوردستان بەهۆی بەفرەوە گیراوە.
گەورەشارەوانیی وان، رۆژی چوارشەممە چواری شوباتی 2026 بڵاویکردەوە، لە پارێزگاکەدا بەهۆی بەفربارین و سەرماوە رێگەی 40 گوند گیراوە.
تیمەکانی گەورەشارەوانی وان بۆ لابردنی بەفر و کردنەوەی رێگەکان لە کارەکانیان بەردەوامن.
لە پارێزگای جۆلەمێرگیش بەهۆی گیرانی رێگەکانەوە هاونیشتمانییان لە هاتووچۆدا رووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.
کارگێڕی جۆلەمێرگ بڵاویکردەوە، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 11 گوند گیراوە. بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکانیش کاری تیمەکان بەردەوامە.
شێخموس یەنتور، سکرتێری گشتیی کارگێڕی تایبەتی مووشیش رایگەیاند، لە پارێزگاکەدا بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی هەشت گوند گیراوە.
ئومیت کورتکان، بەڕێوەبەری خزمەتگوزارییەکانی رێگەوبان و گواستنەوەی کارگێڕی تایبەتی بەدلیس رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی دوو گوند گیراوە و کارکردن بۆ کردنەوەیان بەردەوامە.
لە شاری بەدلیسیش تیمەکانی شارەوانی و رێگەوبان، رێگە و شەقامەکان پاکدەکەنەوە.
لە پارێزگای قەرسـیش بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 48 گوند گیراوە؛ هەروەها رێگەی نێوان قەرس و شارۆچكەی مێردینکێ سەر بە ئەردەخان، شەوی رابردوو لە کاژێر 21:30ـەوە بە رووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا داخرا.
لە پارێزگای ئەرزەڕۆم رێگەی 67 گوند و لە پارێزگای ئەردەخان ـیش رێگەی 38 گوند گیراوە.
پارێزگاری ئەردهخان ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، جگە لە شارۆچکەی پۆسۆف، لە سەرجەم قوتابخانەکانی دیکەی پارێزگاکە خوێندن بۆ رۆژێک راگیراوە، هەروەها فەرمانبەرانی دووگیان، خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئەو دایکانەی منداڵەکانیان لە قۆناخی سەرەتایین، بە مۆڵەت ئەژمار دەکرێن و ناچنە سەر کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ