رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی ئەو مووشەکە بالیستییەی کە لە ئێرانەوە ئاراستەکرابوو و چووە نێو ئاسمانی تورکیا، محەممەد حەسەن حەبیبوڵڵازادە، باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرا و ناڕەزایەتیی تورکیای پێگەیێندرا.
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، ناڕەزایەتی و نیگەرانیی تورکیا لەبارەی رووداوەکەوە بە حەبیبوڵڵازادە گەیێندراوە کە بانگهێشتی وەزارەت کرابوو.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندبوو، مووشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و چووە نێو ئاسمانی تورکیا، لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ناتۆوە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست پووچەڵکراوەتەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، "ناڕەزایەتیی تورکیای لەبارەی ئەو مووشەکە بالیستییەی لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو و چووە نێو ئاسمانی تورکیا و دواتر پووچەڵکرایەوە، پێگەیاند. جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە خۆ لە هەموو هەنگاوێک بپارێزرێت کە ببێتە هۆی پەرەسەندنی پێکدادانەکان."
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا راگەیێندراوێکی تووندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بۆ پاراستنی خاک و ئاسمانمان، هەموو هەنگاوێکی پێویست بەبێ دوودڵی دەنرێت. وەڵامی هەر هەڵوێستێکی دوژمنکارانە دەدەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ