سووتانی باڵەخانەکەی ئیستەنبووڵ کە 29 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا بەهۆی لەحیمکردنەوە بووە

04-04-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت ئاگری باڵاخانەکەی ئیستەنبووڵ کە 29 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، بەهۆی لەحیمکردنەوە بووە و 9 کەسیش دەستگیرکراون.
 
رۆژی سێشەممە، کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ ئاگرێک لە باڵاخانەیەکی 16 نهۆمی لە گەڕەکی گایرەت تەپە لە ناوچەی بەشیکتاش لە ئیستەنبووڵ کەوتەوە، بەهۆیەوە 29 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
ئاگرەکە لە یانەیەکی شەوانە بەناوی ماسکێرەید کە لە ژێرەوەی باڵاخانەکەیە کەوتەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رۆژی چوارشەممە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی کامێرای چاودێرییەوە رایگەیاند، "چەند کرێکارێک پارچەیەک ئاسن لەحیم دەکەن و لەناکاو ئاگر دەکەوێتەوە و پەرەدەسێنێت."
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە."
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند، "نۆ کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون کە خاوەنی یانەکە، بەڕێوەبەری یانەکە و خاوەنی کۆمپانیای لەحیمەکەیان تێدایە. ئەو 29 کەسەشی گیانیان لەدەستداوە هەموویان کرێکار بوون و کەسیان دانیشتووی باڵاخانەکە نەبوون."
 
نهۆمەکانی یەکەم و دووەمی باڵەخانەکە یانەی شەوانە بوون، کە بەهۆی مانگی رەمەزانەوە داخراون.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە