دوای 18 ساڵ، شاندێکی باڵای تورکیا سەردانی ئەرمینیا دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین لووتکەی کۆمەڵگەی سیاسی ئەورووپا، گەیشتە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا. ئەمە یەکەمین سەردانی فەرمییە لە ئاستی باڵای ئەو وڵاتە دوای 18 ساڵ.
 
جەودەت یڵماز، نوێنەرایەتیی تورکیا دەکات لە هەشتەمین لووتکەی (ئی پی سی) کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپا، بەناونیشانی (بنیادنانی داهاتوو: یەکێتی و سەقامگیری لە ئەورووپا) بەرێوەدەچێت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوەکانی بەرەو هاوکاری و هاوئاهەنگی بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی و باشترکردنی پەیوەندی و چەسپاندنی ئاسایشی ئابووری و وزە هەڵدەسەنگێندرێت، هەروەها باس لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە و پرسە جیهانییەکان دەکرێت.
 
سەردانەکەی جێگری سەرۆککۆماری تورکیا بۆ یەریڤان لە دوای ساڵی 2008 یەکەم سەردانی ئاستی  باڵا دەبێت لە تورکیاوە بۆ ئەرمینیا. 
 
ئەرمینیا، پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆکماری تورکیای بۆ ئەو لووتکەیە بانگهێشت کردبوو. بڕیارە یڵماز بە نوێنەرایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، چەند کۆبوونەوەیەک بکات. 
 
کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپا چییە و بۆچی دامەزراوە؟
 
کۆمەڵگەی سیاسیی ئەورووپا لە ساڵی 2022 بە دەستپێشخەری ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دامەزراوە.
 
ئامانجی ئەو کۆمەڵگەیە بریتییە لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە بە بەرژەوەندیی هاوبەش هەژماردەکرێن بۆ وڵاتانی ئەورووپا و بەرەوپێشبردنی دیالۆگ و هاوکاریی سیاسی بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، لە پرسەکانی وەکو سیاسی، ئابووری، وزە و ئاسایش. 
 
بۆ ئەمساڵ، سەرکردەکانی زیاتر لە 40 وڵات، لەوانە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بەشداری لووتکەکە دەکەن.
 
دوایین لووتکە لە 2ی تشرینی یەکەم 2025 لە دانیمارك بەرێوەچوو. هەشتەمین لووتکەی ئەمساڵ لە ئەرمینیا بەڕێوەدەچێت، بڕیارە لووتکەی داهاتووش لە مانگی تشرینی دووەمی 2026 لە ئێرلەندا بەڕێوەبچێت. 
 
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەرمینیا لە 30 ساڵی رابردوودا
 
دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ئەرمینیا لە 21ـی ئەیلوولی 1991 سەربەخۆیی راگەیاند. لە 16ـی کانوونی یەکەمی 1991، تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی هەر زوو سەربەخۆیی ئەرمینیای دانپێدانا و هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو وڵاتە نارد. تورکیا بۆ پاڵپشتیی زیاتر، لە ساڵی 1992 ئەرمینیای بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی دامەزرێنەر لە رێکخراوی هاوئاهەنگیی ئابووریی دەریای رەش.
 
بەڵام دوای ئەوەی ئەرمینیا لە ساڵی 1993 هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباخی لە ئازەربایجان داگیر کرد، پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەرمینیا پچڕا و سنوورییان بەڕووی یەکدی داخست. تورکیا بۆ ماوەی 12 ساڵ هیچ پەیوەندییەکی فەرمی و دیپلۆماسیی لەگەڵ ئەرمینیا نەهێشت.
 
لە ساڵی 2005، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا، نامەیەکی بۆ رۆبێرت کۆچەریان، سەرۆککۆماری ئەوکاتەی ئەرمینیا نارد و تێیدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی کرد.
 
پەیوەندیی دیپلۆماسی لەسەر ئاستی نزم لەنێوان هەردوو وڵات دەستی پێکردەوە. لە ساڵی 2008 عەبدوڵڵا گول، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی تورکیا، نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی سێرژ سارکیسیان کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری ئەرمینیا.
 
لە 12ـی نیسانی 2008، بۆ یەکەمجار ئەردۆغان لەگەڵ سارکیسیان لە واشنتن کۆبوونەوە.
 
لە 6ـی ئەیلوولی 2008، عەبدوڵڵا گول، سەردانی ئەریڤانی پایتەختی ئەرمینیای کرد. ئەمە یەکەم سەردانی تورکیا بوو لەسەر ئاستی سەرۆککۆمار دوای 15 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. سەردانەکەی گول بۆ یەک رۆژ بوو، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەرمینیا ئامادەی یاریی تۆپی پێی نێوان تورکیا و ئەرمینیا بوون، لە چوارچێوەی یارییەکانی ئامادەکاری بۆ جامی جیهانیی 2010. ئەو سەردانە بە "دیپلۆماسیی تۆپی پێ" وەسف کرا. مانگێک دواتر سارکیسیان، سەرۆککۆماری ئەرمینیا سەردانی ئەنقەرەی کرد.
 
لە 10ـی تشرینی یەکەمی 2009 رێککەوتننامەی زیورخ - پرۆتۆکۆڵی بنیاتنانەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەنێوان تورکیا و ئەرمینیا - واژۆ کرا. بەڵام بەهۆی رەتکردنەوەی مەرجەکانی تورکیا کە داوای کشانەوەی ئەرمینیای لە ناوچەی ناگۆرنۆ-قەرەباخ دەکرد، پەرلەمانی ئەرمینیا ئەو مەرجانەی رەتکردەوە و لە مانگی نیسانی 2010 پرۆتۆکۆڵەکەی هەڵوەشاندەوە.
 
دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا و وەرگرتنەوەی ناگۆرنۆ-قەرەباخ، ئەردۆغان پەیامی ئەوەی بە ئەرمینیا گەیاند کە ئامادەن پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.
 
لە 15ـی کانوونی یەکەمی 2021، تورکیا باڵیۆزی خۆی (سەردار کڵچ) بۆ ئەریڤان دەستنیشان کرد و 3 رۆژ دواتر ئەرمینیا باڵیۆزی خۆی (روبێن روبینیان)ـی ناردە ئەنقەرە.
 
لە 1ـی کانوونی دووەمی 2022، ئەرمینیا ئابڵوقەی لەسەر سەرجەم بەرهەمە تورکییەکان هەڵگرت. لە 14ـی هەمان مانگ، یەکەم شاندی دیپلۆماسیی نێوان ئەرمینیا و تورکیا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کۆبوونەوە.
 
نیکۆل پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا لە مانگی حوزەیرانی 2023 لە رێورەسمی دەستبەکاربوونی ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەشداریی کرد. لە مانگی حوزەیرانی 2025 پاشینیان لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)

دەمیرتاش: بۆ کەسێک 10 ساڵ لە زیندان بێت، 15 ساڵ هیچ جیاوازییەکی نییە

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە چەند مانگێکی ماوە 10 ساڵی تەواو لە زینداندا بەسەر ببات، رایدەگەیێنێت کە درێژکردنەوەی ماوەی زیندانییەکەی وای لێناکات لە هەڵوێستەکانی پاشەکشە بکات و دەڵێت: "10 ساڵ یان 15 ساڵ، بۆ من هیچ جیاوازییەکی نییە."