رووداو دیجیتاڵ
میدیای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا چوار خاڵی وەک هۆکاری پێویستی خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی بۆ کۆنگرەی پەکەکە دیاری کردووە.
گۆڤاری سەرخۆبوون کە گۆڤاریکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یە، رۆژی چوارشەممە چواری حوزەیرانی 2025 بڵاویکردەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، پەیامێکی چوار خاڵی بۆ کۆنگرەی پارتەکەی ناردبوو.
ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
لەبارەی چۆنییەتی بەشداریکردنی ئۆجەلان لە کۆنگرەکەی پەکەکە، رەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل رۆژی نۆی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، ئۆجەلان لە رێگەی پەیامێکەوە کە پێشتر تۆمارکرابوو، بەشداری لە کۆنگرەی پەکەکە کرد، ''واتە ڤیدیۆکە لە کۆنگرەکەدا پەخش کرا."
کۆنگرەی گەل پێکهاتەیەکی سەر بە پەکەکەیە و ساڵی 2003 لە قەندیل دامەزرا. ئێستا لە ئەورووپا چالاکی هەیە.
گۆڤاری سەرخۆبوون باسی لەوە کردووە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە چوار هۆکار بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتەکەی کردووە.
وەک گۆڤارەکە دەڵێت، دەقی پەیامەکە چوار خاڵییەکەی ئۆجەلان بەمشێوەیە بووە:
هەڤاڵانی هێژا
دوای 52 ساڵ، مانگ و هەفتەیەک لە مێژووی خەباتمان، سەردەمێکی مێژوویی لەدوای خۆمان جێ دەهێڵین. دەمانەوێت لەو سۆسیالیزمەی کە ئامانجی دەوڵەت-نەتەوەیە، تێپەڕین و دەست بە قۆناخێکی مێژوویی سۆسیالیزمی دیموکراسی بکەین. هەر وەک چۆن هەموو شتێک سەرەتا و کۆتایی هەیە. ئەوەی ئێستا سەردەمێکە کە دەبێت لەبەر چوار هۆکاری سەرەکی کۆتایی پێبهێندرێت
1- لەبەر ئەوەی پەکەکە تەمەنی خۆی تەواوکردووە، پێویستە بە فەرمی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. واتە، کۆتایهاتنی سۆسیالیزم بە هۆکاری نێوخۆیی، پێویستییەکە بۆ کردنەوەی رێگەیەکی نوێی سۆسیالیزم و داننان بە ناسنامەی کورد.
2- خەباتی چەکداری وابەستەی ستراتیژێکە کە ئامانجەکەی دەوڵەت- نەتەوەیە. بۆ دەرچوون لەم ئامانجە و چوونە نێو بەرنامەی کۆمەڵگەی دیموکراسی، دەبێت ئەو خەباتە خۆی بە یاسا و سیاسەتی دیموکراسی بسپێرێت، بۆیە پێویستە خەباتی چەکداری کۆتایی پێبهێندرێت. وەڵامدانەوەی ئەمەیش، لە رێگەی داننان بە مافی سیاسەتی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی گەرەنتی یاسایی بەشێوەیەکی تەواو دەدرێتەوە.
3- لەبەر ئەوەی دەوڵەت، هیچ جۆرە کۆبوونەوە و دیالۆگێک لەژێر ناوی پەکەکە قبووڵ ناکات، دەبێت پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
4- بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، پێویستە بچینە قۆناخی ''ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی''. باوەڕم وایە ئەو بڕیارانەی لە کۆنگرە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، یاسا و سیاسەتی کۆمەڵگەی دیموکراسی دەدرێن، مێژوویی دەبن.
پێداگربوون لەسەر مرۆڤایەتی، پێداگربوونە لەسەر سۆسیالیزم.
سۆسیالیزمی دەوڵەت- نەتەوەیی، بەرەو شکستت دەبات، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراسییش بەرەو سەرکەوتن.
27ی نیسانی 2025
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ