وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، دەیانەوێت پەکەکە زوو چەک دابنێت

04-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی تورکیا پرۆسەی چارەسەری بە "پرۆسەیەکی مێژوویی" ناودەبات و ئاماژە بەوەش دەکات، دەیانەوێت گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زوو چەکەکانیان دابنێن.
 
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی هەینی 4ی تەممووزی 2025 لە شاری لاهای-ی هۆڵەندا قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد.
 
تونچ، پرۆسەی چارەسەری بە "پرۆسەیەکی مێژوویی" ناوبرد، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیدایەتی و گوتی، "وەکو گەل، دەمانەوێت بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگات."
 
شەڕی چەندین دەیەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا زیانی گیانی و ئابووریی بەو وڵاتە گەیاندووە، ئەو وەزیرەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "دەمانەوێت لە 100 ساڵەی تورکیادا لەم بەڵایە رزگارمان ببێت."
 
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، چاوەڕێن پەکەکە پابەندی بڕیارەکانی کۆنگرەکەی بێت و چەکەکانی دابنێت، ئەوەشی خستەڕوو کە دەیانەوێت گەریلاکان زوو دەست بە دانانی چەکەکانیان بکەن.
 
هەر سەبارەت بە پرۆسەی چەکدادانی پەکەکە تونچ باسی لەوە کرد، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت)، وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
 
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.