رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەفربارین دوو پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیای گرتوەتەوە. کەشناسیی عێراق دەڵێت، ئەگەر شەپۆلەکە بەهێز بێت، کاریگەری لەسەر باشووری کوردستان دەبێت.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزمبوونەوەی پلەی گەرما لەم چەند رۆژەدا بەردەوام دەبێت و زۆرترین کاریگەری نزمبوونەوەکەش لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە."
شەوی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ هەینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەفر لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان و تورکیا دەبارێت.
وەک لە پێشبینییەکەدا هاتبوو، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەفربارین لە بەرزاییەکانی دێرسم و ئەرزەڕۆم لە باکووری کوردستان دەستیپێکرد و دوای ماوەیەک بەشێک لە گوند و بەرزاییەکانی سپیپۆش کرد.
هاوکات لە بەرەبەیانییەوە لە پارێزگاکانی ئەردەخان، چەولیگ، مووش و قەرسی باکووری کوردستان باران دەبارێت.
لە پارێزگاکانی ریزە، ترابزۆن و بایبورتی تورکیاش پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرزە باری و دواتر بەفر ناوچە شاخاوییەکانی سپیپۆش کرد.
عامر جابری گوتی، "تاوەکو ئێستا بە روونی کاریگەری ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی تورکیا بە وڵاتمانەوە دیار نییە، بەڵام ئەگەر شەپۆلەکە بەهێز بێت، بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەرمان دەبێت، بەتایبەتی پارێزگاکانی باکوور و هەرێمی کوردستان کە دەکرێت پلەی گەرما زیاتر دابەزێ."
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، سبەی شەممە 5ـی تەممووز، لە 16 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا باران دەبارێت.
وەک گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی پێدەکات، بۆ دەرکەوتنی بەرچاوی کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی تورکیا، پێویستیان بە بای باکوور دەبێت کە روو لە وڵاتەکە بکات.
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش، سبەی شەممە ئاراستەی با لە باکووری رۆژئاواوە دەبێت.
هەر بە گوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرمای سبەی بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 38 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 37 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 38 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 39 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 40 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ