رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەڤانانی تورکیا خوێندنەوەی جیاواز بۆ چەکدانانی گەریلاکانی پەکەکە دەکەن. رۆژنامەڤانێک دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێكی تایبەت بە "رادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە" دەداتە شاندێکی دەم پارتی. رۆژنامەڤانێکی دیکەش دەڵێت، گەریلاکان چەکەکان رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش لەژێر چاودێریی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) دەبێت.
موحەڕەم ساریکایا: ئۆجەلان پەیامێک لەبارەی رادەستکردنی چەکەکان دەداتە شاندی دەم پارتی
موحەڕەم ساریکایا لە گۆشەیەکیدا بۆ رۆژنامەی خەبەرتورک دەنووسێت، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی کەوتوون، شاندێکی دەم پارتی رۆژی دووشەممە سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە گرتووخانەی ئیمراڵی دەکات، پەیامێکی تایبەت بە "رادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە" لە ئۆجەلانەوە دەهێنن و بڵاوی دەکەنەوە.
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت، دواتر رێوڕەسمێک بۆ گرووپێکی گەریلا، کە ژمارەیان 50 کەس دەبێت، لە دهۆک و سلێمانی ساز دەکرێت، دواتریش بە چاودێریی میتی تورکیا و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، چەکەکان رادەست دەکرێن.
کورتولمووش تایز: ژمارەیەک گەریلا لە سلێمانی چەک دادەنێن
کورتولموش تایز لە بابەتێکدا بۆ رۆژنامەی ئاکشام دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گەریلا لە سلێمانی چەکەکانیان دادەنێن، دواتریش ئەو چەکانە رادەستی تیمێک دەکرێن کە دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا دیاریی کردووە.
ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت، بۆئەوەی پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارە بە دەردی پرۆسەی پێشوو نەچێت و بە سەرکەوتوویی بەئەنجام بگات، پێویستە گەریلاکانی دیکەش چەک دابنێن و بگەڕێنەوە تورکیا.
ئایتونچ ئورکموز: لە ئامێدی و کۆیە چەکەکان دادەنرێن
ئایتونچ ئورکمەز، لە گۆشەیەکیدا بۆ رۆژنامەی جمهورییەت دەڵێت، گەریلاکان لە سنووری قەزای ئامێدی سەر بە دهۆک و قەزای کۆیە سەر بە هەولێر چەکەکانیان دادەنێن، دواتریش چەکەکان رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن و ئەوەش لەژێر چاودێریی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا (میت) دەبێت.
ئورکمەز پێی وایە، دوای رادەستکردنی چەکەکان لە لایەن گەریلاوە حکومەتی تورکیا هەندێک هەنگاوی کردەیی دەنێت، لەوانە؛ بەشێک لە زیندانییانی پەکەکە لە گرتووخانە دەردەهێنێت و لە ماڵەوە زیندانییان دەکات.
ئەو رۆژنامەڤانە ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە گرتووخانە دەگۆڕدرێ و باشتر دەکرێ.
ناگەهان ئاڵچی: بڵاوکردنەوەی دیمەنی دانانی چەک و لەنێوبردنی سوودی بۆ رای گشتی دەبێت
ناگەهان ئاڵچی لە گۆشەیەکیدا بۆ رۆژنامەی خەبەرتورک نووسیەتی، گرووپێکی 30 گەریلایی لە رۆژانی 3 و 4ی ئەم مانگەدا بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکیان داناوە.
لەبارەی چارەسەنووسی چەکەکانیش، ئاڵچی دەڵێت، لە رۆژانی 9-11ی ئەم مانگە، رێورەسمێک لە سلێمانی سازدەکرێت و چەکەکان لەنێودەبرێن، ''بەڵام چۆنییەتی لەنێوبردنەکەیان هێشتا دیار نییە''.
بە بۆچوونی ئەو رۆژنامەنووسە، ئەو گەریلایانە لەو قۆناخەی ئێستا دەچنەوە قەندیل، پێشیوایە لە قۆناخەکانی دواتری پرۆسەکەدا گەریلاکان لە هەرێمی کوردستان نامێننەوە.
ئاڵچی باس لەوەش دەکات، بڵاوکردنەوەی دیمەنی چەکدادان و لەنێوبردنی چەکەکان سوودی زۆری بۆ رای گشتی دەبێت.
عەبدولقادر سەلڤی: بە چەکدانانی پەکەکە، پرۆسەکە دەگاتە قۆناخێکی باش
عەبدولقادر سەلڤی، لە گۆشەیەکیدا بۆ رۆژنامەی حورییەت دەڵێت، گرنگە لە رۆژانی داهاتوودا پەکەکە چەک دابنێت، بەڵام گرنگتر لەوە، چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پرۆسەی دوای چەکدادانە.
سەلڤی ئاماژەی بەوەش کردووە، نابێت رێگە بدرێت پرۆسەی چارەسەری پەکبخرێت؛ گوتیشی، بە چەکدادانی پەکەکە پرۆسەکە بە قۆناخێکی ''زۆر باش'' دەگات.
خوێندنەوەی میدیاکانی تورکیا لەبارەی چەکدادانی پەکەکە لە کاتێکدایە، تۆڕی میدیایی رووداو دووشەممەی رابردوو زانیاری لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان وەرگرت و بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ''عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە پەیامێکی نوێ بڵاوبکاتەوە".
هەر بەگوێرەی ئەو دوو سەرچاوەیە، لە رۆژانی داهاتوودا گرووپێک گەریلا کە هێشتا ژمارەکەیان هێشتا دیار نییە و لەنێوان 20 بۆ 30 کەسدا دەبن، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان چەکەکانیان دادەنێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ