ئەردۆغان سوپاسالاری نوێی وڵاتەکەی دەستنیشانکرد

04-08-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

سەرۆککۆماری تورکیا کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، سوپاسالاری نوێی وڵاتەکەی دەستنیشانکرد. بەپێی دەسەڵاتەکانیشی پلەی سەربازیی ژمارەیەک ئەفسەری باڵای بەرزتر کرد بەشێکی دیکەشیان خانەنشین کرد. 
 
دوای نیوەڕۆی 3ی ئابی 2023، شوڕای باڵای سەربازیی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە. 
 
شوڕای باڵای سەربازیی تورکیا، ساڵانە یەکجار کۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرە باڵاکانی سوپا و خانەنشینکردنیان و گواستنەوەی شوێنی سەربازییان و پێدانی ئەرکی نوێ و چەندین بڕیاری دیکەی نهێنیی سەربازیی دەدرێت. 
 
پرسی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە تایبەت بوو بە دەستنیشانکردنی سوپاسالارێکی نوێ بەهۆی ئەوەی فەریقی یەکەم یاشار گولەر، سوپاسالاری پێشووی تورکیا لە کابینەی نوێی حکومەتی ئەم وڵاتەدا لە رۆژی 3ی حوزەیرانی 2023 بووە وەزیری بەرگری. پۆستی سوپاسالاریش زیاتر لە سێ مانگە بە بەتاڵی ماوەتەوە و بەوەکالەت لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزی پیادەی تورکیا بەڕێوەدەبردرا. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، فەریقی یەکەم مەتین گوڕاک فەرماندەی سوپای دووی تورکیا پلەکەی بۆ فەریقی یەکەمی روکن بەرزکرایەوە و بە سوپاسالاری تورکیا دەستنیشان کرا. یاریدەدەری سوپاسالاری تورکیاش بە فەرماندەی سوپای دووی تورکیا دەستنیشانکرا. 
 
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا پلەی سەربازیی هەریەک لە فەرماندەی سوپای یەک، دوو، سێ و سوپای ئیجە و فەرماندەکانی هێزەکانی وشکانی، ئاسمانی، دەریایی، هێزی تایبەتی وشکانی، هێزی تایبەت فڕۆکەوانیی شەڕکەری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و فەرماندەکانی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا لە فەریقەوە بۆ فەریقی روکن بەرزکرایەوە. هەروەها فەرماندەی هێزەکانی وشکانی و ئاسمانی بەهۆی تەمەنیانەوە خانەنشین کران. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، کۆی گشتیی 32 لیوای وشکانی، ئاسمانی و دەریایی پلەکانیان بۆ فەریق و 63 عەمید پلەکانیان بۆ لیوا بەرزکرایەوە. پلە بەرزکردنەوەی 24 لیوا بۆ ساڵێک و 365 عەمید بۆ دوو ساڵ دواخرا و 41 لیواش خانەنشین کران. 
 
بەمەش، ژمارەی ئەفسەرانی لیوا لە 266 لیوا بۆ 286 لیوا بەرزبووە و بۆ یەکەمجار خانمە عەمیدێکی هێزەکانی دەریایی پلەکەی بۆ لیوا بەرزکرایەوە. 
 
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەبارەی زیادکردن و پلە بەرزکردنەوەی پلە سەربازییەکانی عەمید و عەمید روکنەکان دەدرێت. لەگەڵ چەندین بڕیاری دیکەی پەیوەندیدار بە سوپا. 
 
پێشتر، كۆبوونه‌وه‌كانی شوڕای باڵای سه‌ربازی له‌ "كۆشكی چاكماك" ساڵانە جارێک له‌ بارەگای گشتیی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپا به‌ ناوی "زۆر به‌ نهێنی"یه‌وه‌ دەکران، دوای هه‌وڵی كوده‌تا سەربازییەکەی شەوی 15ـی تەممووزی 2016، كۆبوونه‌وه‌كان بۆ كۆشكی چانكایا-ی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران گوازرانه‌وه‌. لە قۆناخی نوێی سیستەمی سەرۆکایەتیشدا، کۆبوونەوەکان لە کۆشکی بێشتەپە-ی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێت.
 
مەتین گوڕاک کێیە؟ 
 
- لە 20ـی ئابی 1960 لە شارۆچکەی قۆسەر سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان لە دایکبووە.
- ساڵی 1981 ئەکادیمیای سەربازی تەواو کردووە.
- ساڵی 1982 قوتابخانەی تۆپخانە و مووشەکی تەواو کردووە.
- ساڵی 1985 لە قوتابخانەی فڕۆکەوانی سوپا دەرچووە و بووەتە فڕۆکەوانی وشکانی. 
- ساڵی 1990 ئەکادیمیای سەربازی تەواو کردووە.
- ساڵی 1996 ئەکادیمیای هێزە چەکدارەکانی تەواو کردووە.
- ساڵی 2006 بووەتە عەمید و وەک فەرماندەی لیوای زرێپۆشی 2 دەستبەکار بووە. 
- ساڵی 2015 پلەی بەرزکرایەوە بۆ پلەی لیوای گشتی و وەک فەرماندەی فەیلەقی 4 دەستنیشانکرا.
- ساڵانی 2018-2017 سەرۆک ئەرکانی هێزە وشکانییەکانی تورکیا بووە.
- لە 2020ـدا وەک راوێژکاری سەربازیی لیبیا لە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەستنیشانکرا. 
- لە 2020دا پلەی بۆ جەنەڕاڵی تەواو بەرزکرایەوە.
- لە 24ـی کانوونی یەکەمی 2021 لەلایەن خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا، میدالیای خزمەتی بەرزی هێزە چەکدارەکانی تورکیای پێبەخشرا. 
- مەتین گوڕاک خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە، زیڕین گوراکی هاوژینی ساڵی 2020 بەهۆی نەخۆشیی پەنکریاس لە تەمەنی 55 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە