رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گرووپێکی تاوانکاری لە تورکیا، کە دزەیان کردووەتە نێو سیستمی زانکۆکان و ئەنجوومەنی خوێندنی باڵا بەردەوامە. بە گوێرەی میدیای تورکیا، گرووپەکە بە پارە دەستکاری نمرەی خوێندکارانیان کردووە و بڕوانامەی ساختەیان بۆ دروستکردوون.
داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە لە مانگی ئابی 2023ـەوە لەسەر سکاڵای سەرۆکی بەشی کاروباری خوێندکارانی زانکۆی غازی، دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و ئێستا پێشهاتی نوێ لە دۆسیەکەدا هەیە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا، تۆڕێکی تاوانکاری ئاشکراکراوە کە زانیاریی کەسیی 35 فەرمانبەری دەوڵەتیان دەستکەوتووە. دواتر بە ناسنامەی ساختەوە سەردانی نووسینگەکانی واژۆی ئەلیکترۆنییان کردووە و بەناوی ئەو کەسانەوە واژۆی دیجیتاڵیی نوێیان دەرکردووە.
باندەکە ئەو واژۆ ساختانەیان بەکارهێناوە بۆ چوونە نێو سیستمی 13 زانکۆ، ئەنجوومەنی خوێندنی باڵا، وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس. بە گوێرەی زانیارییەکان، لە بەرامبەر بڕە پارەیەک کە لە 50 هەزار لیرەوە (1230 دۆلاری ئەمریکی) تاوەکو 2.5 ملیۆن لیرە (61 هەزار و 500 دۆلاری ئەمریکی) بووە، کاری نایاساییان کردووە.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەنجامی تاقیکردنەوەی بەشێک لە خوێندکاران گۆڕاوە، تێکڕای نمرەی 8 کەس بە شێوەی نایاسایی بەرز کراوەتەوە و 49 کەسیش بێ ئەوەی لە زانکۆ تۆمارکرابن، بڕوانامەی دەرچوونیان لە کۆلێژە جیاوازەکان بۆ دەرکراوە.
یەکێک لە شۆکهێنەرترین کاری نایاسایی لە رێگەی تۆماری دەستەبەریی کۆمەڵایەتی (SGK)ـەوە ئاشکرابووە، کە تێیدا کەسێک کە وەک کارمەندی پشتیوانی کاری کردووە، بڕوانامەی کۆلێژی یاسای پێدراوە. کەسێکی دیکە کە کاری کڕین و فرۆشتن بووە، بڕوانامەی کۆلێژی ئەندازیاریی تەلارسازیی زانکۆی ئیجەی بۆ دەرکراوە. هەروەها دەرکەوتووە هەمان کەس لە بەرامبەر پارەدا بڕوانامەی ماستەریشی لە زانکۆی یڵدز تەکنیک وەرگرتووە.
ژنێکی دیکەش کە لە تۆمارەکاندا وەک کارمەندی کڕین و فرۆشتن دیارە، کراوەتە دەرچووی بەشی دەرمانسازی و خزمەتگوزاریی قژ و جوانکاری.
زۆرینەی ئەو کەسانەی نمرەیان بۆ بەرزکراوەتەوە، دەرچووی ئەندازیارین. دەرکەوتووە ئەم کەسانە لە زانکۆ حکومییەکان و شارەوانییەکاندا دامەزراون.
بەپێی ئامارەکان، 18 بڕوانامەی ساختە لە زانکۆی ئەتاتورک، 14 لە زانکۆی یڵدز تەکنیک، 11 لە زانکۆی ئیجە، 6 بڕوانامە لە هەردوو زانکۆی غازی و مەرسین و دوو بڕوانامەش لە زانکۆی ئینۆنو دەرکراون.
لە کۆی 57 کەس کە سوودمەندبوون لەم کارە نایاساییە، 13 کەسیان وەک ئەندازیاری شارستانی و 7 کەسیان وەک دەرچووی کۆلێژی یاسا تۆمارکراون.
دۆسیە بۆ 199 تۆمەتبار کراوەتەوە. هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دیکە کە دۆسیەکانیان جیاکراوەتەوە.
رۆژی 1ـی ئابی 2025، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەرۆل ئۆزڤار، سەرۆکی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا (YÖK)، رایگەیاند نزیکەی 400 کەس بەهۆی بڕوانامەی ساختەوە بە بەکارهینانی واژۆی ئەلیکترۆنیی بەرپرسانی باڵای حکومی، نازناوی "پرۆفیسۆر" و "پرۆفیسۆری یاریدەدەر"یان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ