رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرتووخانەکانی تورکیا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دروستکردنی "ڤێلا و خانووی تایبەت" بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی دەکەن و رایدەگەیێنێت: "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گرتووخانەکانی تورکیا (CTE) روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو هەواڵانە بڵاوکردەوە کە لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو دەنگۆیانەی لە لاپەڕەی یەکەمی ئەمڕۆی رۆژنامەی (سۆزجو) و سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە، کە باس لەوە دەکەن گوایە 'خانووەکەی ئیمراڵی خەریکە تەواو دەبێت' و 'ئەو ڤێلایەی لە ئیمراڵی بۆ ئۆجەلان دروست دەکرێت خەریکە تەواو دەبێت'، دوورن لە راستییەوە."
بەڕێوەبەرایەتییەکە رایگەیاندووە: "لە دامەزراوەی سزایی ئیمراڵیدا، دروستکردن یان تەرخانکردنی ڤێلا یان خانووی تایبەت لە ئارادا نییە"؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، رێکاری یاسایی دژی ئەو دەنگۆ بێ بنەمایانە دەگرنەبەر کە ئامانجیان "چەواشەکردنی رای گشتییە."
لەوەتەی دەستپێکردنی قسەوباسەکان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی (پرۆسەی دووەمی چارەسەری)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکانی تورکیا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە حکومەت بڕیاریداوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە زیندان دەربهێنێت و بۆ پاراستنی گیانی، لە نێو دوورگەکەدا خانوویەکی تایبەتی بۆ دروست بکات.
پێشتر شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردبووەوە، بەڵام دواتر دەنگۆکان بۆ جاری دووەم سەریان هەڵدایەوە، کاتێک بەناوی "ئەفسەرێکی هێزە تایبەتەکانی نێو دوورگەکە" هەواڵەکە بڵاوکرایەوە، ئەمەش وایکرد حکومەتی تورکیا بە فەرمی روونکردنەوە بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ