باخچەلی کورسییەکی تایبەت بۆ کچێکی ئامەد دەنێرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دایکێک لە ئامەدی باکووری کوردستان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای کورسییەکی بۆ کچە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی لە دەوڵەت باخچەلی کرد؛ سەرۆکی مەهەپەش داواکارییەکەی جێبەجێ کرد.
 
ئایتەن کزڵتۆپراک، دایکی کچەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا راستەوخۆ داوای لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کردبوو، کورسییەکی تایبەت بۆ (نوور سوڵتان کزڵتۆپراک)ـی کچی دابین بکات.
 
ئەو دایکە لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردبوو، بەهۆی دۆخی دارایی و هەژارییەوە توانای کڕینی ئەو کورسییە تایبەتەیان نییە و ئەگەر بۆیان دابین بکرێت، نوور سوڵتان دەتوانێت بگەڕێتەوە قوتابخانە و بچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی یاری بکات.
 
داواکارییەکە لە ماوەیەکی کورتدا کاردانەوەی لێکەوتەوە؛ بەرپرسانی مەهەپە لە ئامەد پۆستەکەیان بینیوە و دەستبەجێ بەدەم داواکارییەکەوە چوون.
 
شاکر ئەردین، سەرۆکی رێکخستنەکانی مەهەپە لە ناوچەی سوور-ی ئامەد رایگەیاند، پەیامەکەیان بە دەوڵەت باخچەلی گەیاندووە و ئەویش پێی راگەیاندوون: "هەرچی پێداویستییەکی هەیە بۆی جێبەجێ بکەن."
 
بەرپرسەکەی مەهەپە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای فەرمانەکەی باخچەلی، جگە لە دابینکردنی کورسییە تایبەتەکە بۆ نوور سوڵتان، ژمارەیەک پێداویستیی دیکەشیان پێشکەش بە خێزانەکە کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە