مەهەپە: دەقێکی چوارچێوەیی پێشکێشی کۆمیسیۆنی پەرلەمان دەکەین

40 خولەک له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتی هاوبەشی پرۆسەی ئاشتین و دەڵێت: "دوای سەری ساڵ، نەک وەک پرۆژەیاسایەک، بەڵکو وەک دەقێکی چوارچێوەیی پێشکێشی پەرلەمانی دەکەین."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەندام لە "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە؛ گوڵستان کڵچ کۆچیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی؛ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە؛ عەبدولحەمید گوڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی؛ موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە و بولەنت کایا، سەرۆکی فراکسیۆنی رێگەی نوێ (SAADET-GELECEK) بەشداربوون.
 
تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی ئەو راپۆرتانە بوو کە پارتە سیاسییەکان ئامادەیان کردووە، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر شێوازی ئەو راپۆرتە هاوبەشەی کە لیژنەکە دەبێت ئامادەی بکات.
 
دوای کۆبوونەوەکە، فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ هاوڕێیان بە درێژی باسمان لە شێوازەکانی ئەو راپۆرتە کرد کە لەسەری رێکدەکەوین. رۆژی دووشەممە (22ـی مانگ) جارێکی دیکە کۆدەبینەوە و لە هەفتەکانی داهاتووشدا، راپۆرتە هاوبەشەکە ئامادە دەکەین."
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، فەتی یڵدز گوتی: "چوارچێوەکە دیاری دەکەین و دوای سەری ساڵ، نەک وەک پرۆژەیاسایەک، بەڵکو وەک دەقێکی چوارچێوەیی، راپۆرتەکە پێشکێشی پەرلەمان دەکەین."
 
لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە پێکهێنانی تیمێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە، بەرپرسەکەی مەهەپە گوتی: "بێگومان، هەر پارتێک کە فراکسیۆنی لە پەرلەمان هەبێت، نوێنەرێک دیاری دەکات. وا دیارە لەگەڵ هەمان ئەو هاوڕێیانە بەردەوام دەبین کە ئێستا بەشداری کۆبوونەوەکە بوون."
 
ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵە، لەوبارەیەوە یڵدز گوتی: "پێمانوایە فریا دەکەوین، بەڵام ئەگەر تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم تەواو نەبووین، بێگومان ماوەکەی درێژ دەکەینەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە