رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، مەرجەکانی پارتەکەی بۆ بەشداریکردن لەو لیژنەیەی پەرلەمان راگەیاند، کە بڕیارە سبەی 5ـی ئاب، یەکەم کۆبوونەوەی بکات و جەختی کردەوە، "دیموکراسی و دادپەروەری بۆ ئێمە بنەمای نەگۆڕن" و پێویستە ئەو دوو چەمکە لە ناوی لیژنەکەدا رەنگبداتەوە.
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئابی 2025، موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی تورکیا، هەڵوێستی پارتەکەی سەبارەت بە کارەکانی لیژنەکە خستەڕوو. بیریهێنایەوە کە پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەکە لەلایەن ئەوانەوە کراوە و گوتی: "شوێنی سەرەکی بۆ دیاریکردن و چارەسەرکردنی پرسی کورد و بەربەستەکانی بەردەم دیموکراسیبوون لە تورکیا، پەرلەمانی تورکیایە."
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە ئاماژەی بەوە کرد کە شێوازی کارکردنی لیژنەکە زۆر گرنگە و ئەم مەرجانەی خستەڕوو:
- نوێنەرایەتیی یەکسان و زۆرینەی رێژەیی (نیسابی شایستە)
- کاری شەفاف و روون
- لیژنەکە خۆی ئەجێندای کارەکانی دیاری بکات
- چەمکەکانی دیموکراسی و دادپەروەری لە ناوی لیژنەکەدا هەبن
موراد ئەمیر رایگەیاند، ئامانجی لیژنەکە دەبێت زیندووکردنەوەی دادپەروەری، دیموکراسی و ئازادییەکان بێت لە تورکیا و گوتی: "ناچارین پرۆسەیەک دەستپێبکەین کە 'کودەتا دادوەرییەکەی 19ی ئادار' (ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و هاوڕێیەکانی) پووچەڵ بکاتەوە. کۆتایی بە پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای دەستووری بهێنێت و هەڵبژێردراوەکان لە زیندانەکاندا ئازاد بکات."
ئەمیر جەختی لەسەر پێویستیی نەهێشتنی چەندین کاری نایاسایی کردەوە، لەوانەش دەستبەسەرکردنی جان ئاتاڵای (پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا)، سەڵاحەدین دەمیرتاش، دەستبەسەرکراوانی رووداوەکانی گەزی و عوسمان کاڤالا (بزنسمانی تورک) و گوتی: "ئەگەر بیانەوێت ئەمە بکرێت، ئەوا ئێمە ئامادەین."
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی لیژنەکە، ئەمیر هۆشداریی دا و گوتی: "ئەگەر هەندێک کەس بیانەوێت ئەجێندا و نەخشەڕێگای خۆیان بەسەر لیژنەکەدا بسەپێنن، با هەر لە بنەڕەتدا دەست بەم کارە نەکەن."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە رایگەیاند، ئەوان پابەندی ئەجێندای هیچ لایەنێکی دیکە نابن و گوتی: "پێویستە لیژنەکە خۆی ئەجێندای کارەکانی دیاری بکات. کارەکانی لیژنەکە دەبێت بە تەواوی شەفاف بن و هیچ ئەجێندایەکی نهێنییان نییە لە گەل بیشارنەوە."
لەبارەی میکانیزمی بڕیاردانی لیژنەکە، موراد ئەمیر گوتی: "لەمەدا هیچ گومانێک نییە. ئەو ژمارەیەی ئێمە بە پێداگرییەوە لەسەری دەوەستین، دوو لەسەر سێیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ