کۆنگرەکانی جەهەپە یەک بە یەک هەڵدەوەشێندرێنەوە

04-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی لقی رێکخستنەکانی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ و لەکارلادانی ئۆزگور چەلیک، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی و دەستەی کارگێڕییەکەی، کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارێزگای ئاتاشەهیر راگیرا، دواتریش کۆنگرەکانی سارییەر و ئەسەنیورت-ی شارەکەش هەڵوەشێنرانەوە. 
 
هۆبەی یەکەمی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی ناوچەی ئاتاشەهیر لە ئیستەنبووڵ، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگە، بڕیاری راگرتنی کۆنگرەی لقی ئاتاشەهیری جەهەپە دەرکرد. لە بڕیارەکەدا ئاماژە بە بڕگەی 3ی بڕیاری 45ـەمین دادگەی شارستانی ئیستەنبووڵ کراوە، کە بەهۆیەوە کۆنگرەی لقی رێکخستنەکانی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە و قەیوومی بۆ دەستەی کارگێڕی دیاریکرد.
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە: "داواکاری پێشکێش کراوە بۆ حەوتەمین کۆنگرەی ئاسایی لقی رێکخستنەکانی ئاتاشەهیر-ی جەهەپە، کە بڕیارە لە 13ـی ئەیلوول بکرێت. بەڵام بەپێی بڕگەی 3ی ئەنجامی بڕیارە کاتییەکەی 45ـەمین دادگای شارستانی ئیستەنبووڵ بە ژمارە 2025/254E لە رۆژی 2ی ئەیلوو، کە لەگەڵ نووسراوی ژمارە (ب)ی سەرۆکایەتیی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی پارێزگای ئیستەنبووڵدا نێردراوە، بڕیاردرا بە راگرتنی کاتیی کارەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگا و لقەکانی ئیستەنبووڵ لە چوارچێوەی رۆژمێری 39ـەمین کۆنگرەی ئاساییدا."
 
چی روویدابوو؟
 
رۆژی 8ـی تشرینی یەکەمی 2023، دوای گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی جەهەپە، 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵ جەهەپە بەڕێوەچوو. ئۆزگور چەلیک بە 342 دەنگ بەرامبەر رکابەرەکەی جەمال جانپۆڵات کە 310 دەنگی بەدەستهێنابوو، بە سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپە هەڵبژێردرا. ئۆزگور چەلیک بەربژێری ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و جەمال جانپۆڵاتیش سەر بە کڵچدارئۆغڵو هەژمار دەکرا. 
 
دواتر جەمال جانپۆڵات و کەسایەتییەکانی نزیک لە کڵچدارئۆغڵو تۆمەتی "ساختەکاری لە دەنگدان" خستەپاڵ بەرپرسانی جەهەپە. داواکاری گشتی کۆماری ئیستەنبووڵ لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد. ئەو ئەندامانەی سەر بە کڵچدارئۆغڵو بوون، تۆمەتی ئەوەیان خستەپاڵ بەرەی ئیمامئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزەل، کە دەنگی ئەندامانیان بە بڕی 150.000 لیرە (نزیکەی 3650 دۆلار) تا 350.000 لیرە (نزیکەی 8500 دۆلار)، هەروەها دیاریی مۆبایل و تابلێت و بەڵێنی کار لە شارەوانییەکان دراوە. هەروەها، دەرکەوت کە ژمارەی دەنگەکانی بەکارهاتوو لە کۆنگرەکەدا لە سنووری 600 نوێنەر تێپەڕیوە.
 
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، داواکاری گشتی دۆسیەیەکی بۆ 10 کەس ئامادەکرد، لەنێویاندا ئۆزگور چەلیک سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیستەنبوڵی جەهەپە، ئینان گونەی سەرۆکی شارەوانی بەیئۆغڵو و رەزا ئەکپۆڵات سەرۆکی پێشووی شارەوانی بێشیکتاش، بە تۆمەتی "ساختەکاری لە دەنگدان" بەپێی مادەی 112ی یاسای ژمارە 2820ی پارتە سیاسییەکان، کە سزای یەک تا سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دانراوە. داواکارییەکە لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ بە ژمارە 72 قبوڵکرا و دۆسیەکە کرایەوە. یەکەم دانیشتنیش بۆ 6ی کانوونی دووەمی 2026 دیاریکرا.
 
لەلایەکی دیکەوە، 45ـەمین دادگای شارستانی ئیستەنبووڵ لە 2ی ئەیلوولی 2025 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکەیدا و چەلیک و دەستەی کارگێڕی ئێستای لەکار دوورخستەوە و قەییومی کردن. لە جێگەی ئەوان، ئەنجومەنێکی کاتی پێکهاتوو لە گورسل تەکین، زەکی شەن، حەسەن باباجان، موجدات گوربوز و ئەرکان نارسەپ دانرا. دادگا هەروەها بڕیاری دوورخستنەوەی 196 ئەندام کۆنگرە و 39ـەمین کۆنگرەی ئاسایی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی جەهەپەی هەڵوەشاندەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە