رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپرسییەک، کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆرک لە تورکیا کراوە، ئەگەر ئەمڕۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان هەڵبژاردن بکرێت، رێژەی دەنگەکانی ئاکپارتی 33.2٪ و رێژەی دەنگەکانی جەهەپە 31.9٪ دەبێت، کە جیاوازیی نێوانیان تەنیا 1.3 خاڵە.
کۆمپانیای توێژینەوەی ئۆرک، لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵمیدیا ئەنجامی ئەو راپرسییەی بڵاوکردەوە، لەنێوان 28ـی تشرینی دووەم و یەکی کانوونی یەکەمی 2025 لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە کردوویەتی.
راپرسییەکە لە 26 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ دوو هەزار و 560 کەس کراوە.
لە راپرسییەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە "ئەگەر ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردن بکرێت، دەنگ بە کام پارت دەدەیت؟".
33.2٪ ـی بەشداربووان گوتوویانە ئاکپارتی و 31.9٪ ـیش جەهەپەیان هەڵبژاردووە. هەروەها دەم پارتی بە رێژەی 7.9٪ ـی دەنگەکان سێیەم پارتە و بەدوای ئەودا مەهەپە بە رێژەی 6.8٪ و ئیی پارتی بە رێژەی 6.5٪ دێن.
لە کاتێکدا داواکاریی ئۆپۆزیسیۆن بۆ "هەڵبژاردنی پێشوەختە" بەردەوامە؛ دەسەڵاتیش دەرگای لەسەر سندووقەکانی دەنگدان داخستووە، کۆمپانیاکانی توێژینەوەی رای گشتی بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی رای شەقام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ