رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەو مووشەکە بالیستییەی لە ئێرانەوە ئاراستەکرابوو و هاتە نێو ئاسمانی وڵاتەکەی، هۆشداری تووند دەدات و رایدەگەیێنێت: "لە بابەتی ئاسایشی سنوورەکان و ئاسمانەکەماندا، هەرگیز کار بە هەڵکەوت و هەل ناسپێرین."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەبارەی ئەو مووشەکەی لەلایەن سیستمی بەرگریی ناتۆوە لە دەریای نێوەڕاست خرایە خوارەوە، هەموو رێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر و گوتی: "بۆ ئەوەی جارێکی دیکە رووداوی هاوشێوە روونەداتەوە، بە روونترین شێوە هۆشدارییەکانمان داوە."
ئەردۆغان جەختی لە هێزی سوپای وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند: "ئەگەر ئەمڕۆ وەک دوورگەیەکی سەقامگیری دەربکەوین، ئەوە قەرزاری کەسایەتیی نەتەوەییمان و هێزی رێگریکەری سوپا پاڵەوانەکەمانین؛ لەپشت هەموو سەرکەوتنە سیاسی و دیپلۆماسییەکانمانەوە، هێزە چەکدارەکانمان وەستاون."
لەگەڵ لێدوانەکەی ئەردۆغان، تورکیا لە چەند ئاستێکدا ناڕەزایەتی گەیاندووەتە تاران، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندی بە عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەیەوە کرد و ناڕەزایەتی تووندی پێگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، محەممەد حەسەن حەبیبوڵڵازادە، باڵیۆزی ئێرانی لە ئەنقەرە بانگهێشت کرد و یاداشتی ناڕەزایەتی رادەست کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، مووشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، دوای تێپەڕبوونی بە ئاسمانی وڵاتانی ناوچەکەدا، هاتە نێو ئاسمانی تورکیا. مووشەکەکە پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی، لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ناتۆوە لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست تێکشکێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ