حکومەتی تورکیا 75٪ی زیادبوونی نرخی سووتەمەنی لە ئەستۆ دەگرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ئەنجامی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، حکومەتی تورکیا سیستمی هاوسەنگکردنی نرخ جێبەجێدەکات و 75٪ی ئەو نرخەی چووەتە سەر سووتەمەنی، لە ئەستۆ دەگرێت.
 
ئەم هەنگاوەی تورکیا لەڕێی سیستمی (ئێشەل مۆبیل) دەبێت کە شێوازێکی هاوسەنگکردنەوەی نرخە. بڕیاری سەرۆککۆمار لەو بارەیەوە لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکرایەوە و خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، 75٪ی ئەو زیادبوونەی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی یان گۆڕانکاری لە بەهای دراو لە نرخی سووتەمەنیدا دروست دەبێت، لە رێگەی داشکاندنی (باجی تایبەتی بەکاربردن) کە لە تورکیا بە (ئۆتەڤە)دەناسرێت، قەرەبوو دەکرێتەوە. بەمەش لە وێستگەکانی فرۆشتنی سووتەمەنیدا بەشێکی کەمی گرانبوونەکە دەچێتە سەر نرخی فرۆشتن.
 
گرژی و جەنگ نرخی نەوتیان بەرزکردووەتەوە
 
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئەو گەمارۆیەی سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز لەسەر هاتووچۆی کەشتییەکان جێبەجێی دەکات، بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش کاریگەریی لەسەر نرخی بازاڕەکانی تورکیا دروست کردووە.
 
پێشتر بڕیار بوو 6 لیرە و 69 قڕوش (نزیکەی 15 سەنت) بخرێتە سەر نرخی گازوایل، بەڵام بەهۆی چاوەڕوانییەکان بۆ گەڕانەوەی سیستمی (ئێشەل مۆبیل)، ئەو بڕیارە دواخرابوو.
 
بە بڕیاری سەرۆککۆمار، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر هەڵاوسان و سووککردنی باری دارایی هاونیشتمانییان، بڕیاردرا بە شێوەیەکی کاتی سیستمی (ئێشەل مۆبیل) جێبەجی بکرێت.
 
لە جێبەجێکردنی ئەم سیستمەدا رۆژی 2ـی ئادار وەک بنچینە وەردەگیرێت. لە دوای ئەو رێکەوتە، ئەگەر نرخی بەرهەمە نەوتییەکان زیاد بکات، تاوەکو 75٪ی بڕی زیادبوونەکە لە رێی داشکاندنی (ئۆتەڤە)وە دابین دەکرێت و ئەو بڕە ناکەوێتە سەر گیرفانی هاووڵاتی.
 
هەروەها ئەگەر نرخەکان دابەزین، تاوەکو 75٪ـی دابەزینەکە لەسەر باجی (ÖTV) زیاد دەکرێتەوە، بەڵام ئەم زیادکردنە نابێت لەو بڕە باجە زیاتر بێت کە لە 2ـی ئاداردا جێبەجێ کراوە.
 
لە 10 لیرە زیادبوون، تەنیا 2.5 لیرەی دەچێتە سەر نرخ
 
بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوتی جیهان و بەهای دراو، کەمترین کاریگەرییان لەسەر نرخ هەبێت، حکومەت لە 75٪ـی باجی (ئۆتەڤە) و باجی بەهای زیادکراو (کادەڤە) ی سەر سووتەمەنی خۆش دەبێت.
 
لەم رێگەیەوە حکومەت دەستبەرداری بەشێک لە داهاتەکانی دەبێت بۆ ئەوەی لە پێشینەی کارەکانیدا بەرەنگاری هەڵاوسان ببێتەوە و رێگری لە گرانبوونی نرخەکان لە بازاڕدا بکات.
 
سیستەمی ئێشەل مۆبیل چییە؟
 
سیستمی (ئێشەل مۆبیل) بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەهای دراو و دروستکردنی کاریگەریی راستەوخۆ لە سەر نرخی سووتەمەنی جێبەجێ دەکرێت.
 
 لەم سیستمەدا، زیادبوونی نرخەکان لە باج کەمدەکرێتەوە بۆ ئەوەی نرخی فرۆشتن بە جێگیری بمێنێتەوە.
 
ئێشەل مۆبیل پێشتر لە تورکیا جێبەجێ دەکرا، بەڵام لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2021دا بەهۆی بەرزبوونەوەی خێرای بەهای دراو، لەسەر بەرهەمە سووتەمەنییەکان لادرا.
 
ئێستاش بە بڕیاری سەرۆککۆمار بە شێوەیەکی کاتی گەڕێندراوەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی لەبارەی ئێران، پرۆسەی چارەسەری و پێگەی کوردەوە نارد

پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها، وردەکاریی ئەو دیدارەی ئاشکرا کرد کە رۆژی 26ی شوبات لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامی داوە. رایگەیاند، لە دیدارەکەدا چەندین بابەت تاوتوێ کراون، لەوانە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، خۆبەڕێوەبەریی خۆجێی و زمانی کوردی.