رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی نێو ئێران و جووڵەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) دەکەن؛ جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەنقەرە دژی دابەشبوونی وڵاتانی دراوسێیە و پشتگیری لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکیان دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیدا راگەیێندراوێکی لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە و شەڕی ئێران و هاوپەیمانان بڵاوکردەوە. تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە چالاکییەکانی پژاک "جیاخوازیی نەتەوەیی بەهێز دەکەن" و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە: "تورکیا لایەنگری دابەشبوونی وڵاتانی دراوسێ نییە، بەڵکو لایەنگری پاراستنی یەکپارچەیی خاکیانە. لەم چوارچێوەیەدا، چالاکییەکانی پێکهاتەکانی وەک پژاک کە جیاخوازیی نەتەوەیی بەهێز دەکەن، نەک تەنیا کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئێران هەیە، بەڵکو ئارامیی گشتیی ناوچەکەش تێکدەدات."
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی ئێران و چالاکییەکانی پژاک دەکەن.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کە لەلایەن ئەنقەرەوە وەک بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبینرێت، لە کاتێکدا دەبێتە جێگەی بایەخی تورکیا کە ئێران لەژێر هێرشێکی چڕی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە و مەترسیی گۆڕانکاریی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ