نوعمان کورتوڵموش: قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهات؛ دەچینە نێو هەستیارترین قۆناخەوە

04-12-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، بە سەردانی ئیمراڵی قۆناخی گوێگرتن کۆتاییهاتووە. جەختی لەوە کردەوە پرۆسەکە "سیاسەتی دەوڵەتە" و "مامەڵە و دانوستاندن" نییە و گوتی، "دەچینە نێو هەستیارترین قۆناخەوە کە پێویستە هەزار جار بیر بکەینەوە و یەک جار قسە بکەین." 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا 19یەمین کۆبوونەوەی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا دامەزراوە بەڕێوەبرد. کورتوڵموش نەخشەڕێگەی پرۆسەکەی روونکردەوە.
 
کورتوڵموش، ئاماژەی بەوەشکرد پرۆسەکە وەک "سیاسەتی دەوڵەت" بەڕێوەدەچێت و رووداوەکان مامەڵە و سەودا نین. هەروەها گوتی، "ئەم پرۆسەیە پرۆسەی کڕین و فرۆشتن نییە. پرۆسەکە بە بڕیاری رێکخراو (پەکەکە) بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و رێوڕەسمی سووتاندنی چەک دەستیپێکرد و بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت لە گۆڕەپاندا گەیشتە ئەمڕۆ." 
 
سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی خستەڕوو کە کۆمیسیۆنەکە تاوەکو ئێستا گوێی لە 130 کەس و دامەزراوە گرتووە و گوتی، بە سەردانی نوێنەری سێ پارتی سیاسی لە 24ی تشرینی دووەم بۆ ئیمراڵی، بەربەستێکی دیکە تێپەڕێندرا. 
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتیشی، "بەو سەردانە، قۆناخی گوێگرتنی کۆمیسیۆنەکەمان کۆتاییهات. گوێ لە قوربانیان و لایەنەکان گیرا و پرۆسەکە تەواو بوو. ئێستا دەچینە قۆناخی ئامادەکردنی راپۆرتەوە." 
 
کورتوڵموش، جەختی لەوە کردەوە کە قۆناخی داهاتوو زۆر هەستیارتر و پڕە لە ریسک و مەترسی زیاتر و داوای لە سیاسییەکان کرد "بەرپرسیارانە" بجووڵێنەوە. ئاماژەی بەوەشکرد نابێت پرۆسەکە وەک کەرەستەی سیاسی بەکاربهێندرێت و گوتی: "دەچینە نێو رۆژانێکەوە کە پێویستە 100 تەنانەت هەزار جار بیربکەینەوە و یەک جار قسە بکەین. رەنگە بیروڕای سیاسیمان جیاواز بێت، بەڵام خاڵی هاوبەشمان ئەوەیە لەم وڵاتەدا بۆ هەمیشە چەکەکان بێدەنگ بن، دایکان نەگرین و ماڵەکان وێران نەبن. نابێت هیچ کەسێک ئەم قۆناخە هەستیارە بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی بەکاربهێنێت."
 
نوعمان کورتوڵموش، هۆشداریشی دایە رۆژنامەڤانان و رایگەیاند، پێویستە خۆیان لە وروژاندنی بابەتەکە بەدوور بگرن و گوتی، "گرنگ نییە کێ چی دەڵێت، بەڵکو ئەنجامە بەرجەستەکان گرنگن. ئێمە لە پرۆسەیەکداین کە پێویستە زۆرترین بایەخ بە زمان، شێواز و رەفتارەکانمان بدەین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتارێکی دەم پارتی

جەنگیز چاندار بۆ ئەردۆغان: سنوورێک بۆ هاکان فیدان دابنێ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات سنوورێک بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دابنێ و رایگەیاند، "ئەو زمانەی وەزیری دەرەوە بەکاریدەهێنێت، لە تورکیا و سووریا و هەموو شوێنێک دڵی ملیۆنان کورد دەشکێنێت."