رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان دەڵێت، حکومەتی تورکیا رێگەی نەداوە پەکەکە لە وڵاتەکەیدا بێت، بەڵام ئەو رێکخراوە لە عێراق و سووریا شوێنی کۆنترۆڵ کردوون و زیان بەو دوو وڵاتە دەگەیێنێت.
رۆژی چوارشەممە 05-02-2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە بووە میوانی دیسکی ئیدیتۆرانی ئاژانسی ئەنادۆڵو و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی رۆژەڤی تورکیا و جیهان دایەوە.
فیدان نیگەرانیی ئەنقەرەی لە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە باشووری کوردستان دەربڕی و گوتی، عێراق بەم شێوەیە کێشەی ئاسایشی هەیە و ناتوانێت وەبەرهێنان لە دەرەوە بباتە وڵاتەکەی. راشیگەیاند، تورکیا و عێراق بەیەکەوە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن.
هاکان فیدان باسی لەوە کرد، ئەوان رێگە بە پەکەکە نادەن لە وڵاتەکەیاندا بێت، بەڵام پەکەکە شوێنی لە عێراق و سووریا کۆنترۆڵ کردووە. راشیگەیاند، ئەوەیان بە بەرپرسانی عێراق گەیاندووە، "کاتێک ئەوان (عێراق) لەم سۆنگەیەوە سەیری دەکەن، دەڵێن راستە، (پەکەکە) هاتووە لە وڵاتەکەمدا شنگال و مەخمووری داگیر کردووە. (پەکەکە) لە سلێمانییە و زۆر شوێن و گوندی دهۆکی داگیر کردووە. لەڕاستیدا ئەو وڵاتانەی داگیر کراون عێراق و سووریان. رێکخراوی (پەکەکە) بەو جۆرە خۆی نیشان دەدات کە دژی تورکیایە، بەڵام ئەوەی زیانی پێدەگەیێنێت، وڵاتانی دیکەن. ئێستا عێراق ئەمەی بینی. بێگومان عێراقیش هەستیاریی تایبەت بە خۆی هەیە. سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێز سوودانیش زۆر باش تێدەگات کە ئیدی عێراق پێویستە رزگار ببێت لە قۆناخی نائاسایی و پێکدادان و گرووپە چەکدارە کۆنترۆڵ نەکراوەکان."
لە کاتێکدا تورکیا لە تەواوی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق داوا دەکات بەغدا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە تیرۆریست بناسێنێت، تاوەکو ئێستا ئەنقەرە لەم بابەتەدا بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم بارەیەوە رایگەیاند، ئێستا بەغدا لەڕووی تێگەیشتن لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" گەیشتووەتە قۆناخێکی دیکە.
فیدان باسی لەوەش کرد، پێشتر حکومەتی عێراق زۆر لە بابەتی پەکەکە نزیک نەدەبووەوە، ئەوەی بە کێشەیەکی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەزانی.
هاکان فیدان هەروەها گوتی، "لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانمانەوە هۆشیاریمان پێدان و ئێستا هەست دەکەین بەرەوپێشچوونمان تۆمارکردووە. ئەوە بوو میکانیزمێکی ئاسایش دامەزرێندرا. پەکەکە بە رێکخراوی قەدەخەکراو راگەیێندرا. لە هەندێک بابەتدا ئیدی رێگەنادرێت بە ئاسوودەیی جموجووڵ بکەن. بێگومان ئەمە بەس نییە، بەڵکو هەندێک هەنگاوی پێویست هەن بۆ ئەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە شنگال، ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە گشتی ئەو ناوچانەی بەگوێرەی دەستوور لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندیی عێراقن کۆتاییان بێت."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها باسی لەوە کرد، ئێستا پەکەکە لە شنگال لەلایەن هێزەکانی حکومەت و حەشدی شەعبییەوە گەمارۆ دراوە و دەرفەتی جموجووڵی زۆری نییە، بەڵام تورکیا هیوادارە پەکەکە بە تەواوەتی لەو ناوچانە نەمێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ