سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیزمیر و 44 ئەندام و بەرپرسی دیکەی جەهەپە دەستگیر کران

05-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی لە شارەوانیی گەورەی ئیزمیر، 45 کەس دەستگیرکران کە دیارترینیان تونچ سۆیەر، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی و شەنۆل ئاسلانئۆغڵو، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی ئیزمیری جەهەپەیە. دادگە لە کۆی 99 کەس کە داوای دەستگیرکردنیان کرابوو، بڕیاری گرتنی بۆ 45 کەسیان دەرکرد و چوار کەسی دیکەش بە مەرجی قەدەخەی گەشتکردن ئازاد کران.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری ئیزمیر، لە کۆی 99 کەس کە بە داوای گرتن رەوانەی دادگا کرابوون، 45 کەسیان دەستگیرکران؛ هەروەها چوار کەسی دیکە، لەوانە ئولاش ئایدن، جێگری سکرتێری گشتیی شارەوانیی گەورەی مانیسا و گورکان ئەردۆغان، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ئیزمیر (ئیزسوو)، بە مەرجی قەدەخەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات ئازاد کران.
 
وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە
 
لێکۆڵینەوەکە لە 1ـی تەممووزی 2025 لەسەر بنەمای سکاڵای "گەندەڵی لە کۆمپانیای ئیزبەتۆنی سەر بە شارەوانیی گەورەی ئیزمیر لە رێگەی کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتییەوە" دەستیپێکرد.
 
داواکاری گشتی لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی، پشکنەرانی کارگێڕی و شارەزایان، بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ 157 گومانلێکراو دەرکرد بەتۆمەتەکانی "گەندەڵی لە تەندەر و جێبەجێکردنی گرێبەستەکاندا" و "فێڵکردنی بە ئەنقەست".
 
ناوی دەستگیرکراوە دیارەکان

لەو کەسانەی کە بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە، ئەم کەسانە هەن:
 
- تونچ سۆیەر، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیزمیر
 
- شەنۆل ئاسلانئۆغڵو، سەرۆکی لقی ئیزمیری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
 
- هەڤاڵ ساڤاش کایا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئیزبەتۆن
 
- حوسێن جەنگیز، سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەسازان و کارسازانی ئیزمیر (ئیزسیاد)
 
- یوجەل ئەرتەن، ئەکتەری شانۆ و ئەندامی ئەوکاتی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیای ئیزبەتۆن
 
کاردانەوەی پارێزەرەکەی سۆیەر
 
موراد ئایدن، پارێزەری تونچ سۆیەر، لە دوای بڕیاری دەستگیرکردنەکە رایگەیاند: "سەرۆک تونچ بە بڕیارێکی ئاشکرا نادادپەروەرانە، نایاسایی و سیاسی دەستگیرکرا. ئەو بە سەربەرزییەوە دەچێتە زیندان و هەر بە سەربەرزیش لێی دێتەدەرەوە."
 
سەرەتا بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 157 تۆمەتبار دەرچوو. لەو ژمارەیە 120 کەس دەستگیرکران و رەوانەی دادگا کران. لەو 120 کەسە، 99ـیان بە داوای گرتن و 19ـیان بە داوای چاودێریی دادوەری رەوانەی دادگای سزای سوڵح کران.
 
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی یەکە جیاوازەکان و کۆمپانیاکانی سەر بە شارەوانیی گەورەی ئیزمیر دەستبەسەر کران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە